چاوان بەهادین یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان: تاكە ئارەزووم ئەوەیە بەشداری ئۆڵۆمپیاتی جیهانی بكەم
* چۆن بوو خۆت لە نێو دنیای وەرزش دۆزییەوە؟
-سەرەتای دەستپێكی ژیانی وەرزشیم دەگەڕێتەوە بۆساڵی 2008 كە توانیم بە تەواوەتی ئاشنایەتی لەگەڵ وەرزش پەیدا بكەم، بۆ چوونە ناو وەرزشیش خانەوادەكەم هاوكارێكی باشم بوون.
* بۆچی یاری گۆڕەپان و مەیدانت هەڵبژارد؟
-هەر لە منداڵیەوە خولیام بۆ ڕاكردن هەبووە، رۆژ لە دوای رۆژ خولیام بۆ ئەم یارییە زیاتر دەبوو لە ساڵی 2008 توانیم بەشداری كێبڕكێیەكان بكەم و توانیم بە سەركەوتوویی قۆناغەكانی ببڕم.
* هەست ناكەی یارییەكی قوڕست هەڵبژاردووە؟
- دەستپێكی هەموو كارێك قورس دەبێت، بەڵام كە خۆت هەوڵتدا و ماندووبوونت كێشا، دەتوانیت كاریگەری تازە و ئامانج بەدەست بێنێت، كە منیش خۆم لە دنیای گۆڕەپان ومەیدان دۆزییەوە، توانیم ببمە یاریزانێكی سەركەوتوو لەم یارییەدا.
* ئاستی یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان لە كوردستان چۆن دەبینی؟
-لەم بارودۆخەی ئێستا بەهۆی نەبوونی پاڵەوانێتی هیچ ئاستێكی باشی نییە، نەكردنەوەی پاڵەوانێتیش كاریگەری دەبێت لەسەر یاریزانانی گۆڕەپان و مەیدان، واتە ئەنجامنەدانی خول و پاڵەوانێتی وایكردوە كە مەشقەكانیشمان بوەستێت، بە بۆچوونی منیش وەكو یاریزانێك پێم باشە ساڵانە سێ تا چوار پاڵەوانێتی ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی ئاستی پێشكەوتوویی یاریزانان و یانەكان ببیندرێت.
* بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان پێویستە چی بكرێت؟
-گرنگیدانی زیاتر بە یاریزانانی كچ لە شارەكانی كوردستان و كردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان لە شارەكانی كوردستان و بەردەوام كردنەوەی پاڵەوانێتی و هاندانی كچانیش بۆ هاتنە نێو ئەم یارییە هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی یارییەكە لە كوردستان.
* چۆن بوو پێشمەرگەی سلێمانیت هەڵبژارد؟
-من لە شاری سلێمانی لە دایكبووم و هەر لە ساڵی 2008 تا ئێستا یاریزانی پێشمەرگەی سلێمانیم لەم یانەیەدا جێگای خۆم كردۆتەوە، ئەوەی ئەم چاوانەی ناساند بە چەندین پاڵەوانێتی لە وڵاتانی عەرەبی هەریەكە لە پاڵەوانێتی لە وڵاتانی ئەردەن و سوریا و میسر و قەتەر و ئیمارات و لوبنان بەشداربووم بە هەوڵ و ماندووبوونی ڕاهێنەرە ئازیزەكانم بۆیەش هەر ئەم یانەیەم هەڵبژاردووە.
* باشترین ئەنجامەكانت وەكو یاریزان چین؟
-ئەنجامی باشم زۆرە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان و وڵاتانی عەرەبی لە ڕاكردنی 100م و 200م و یەك باز و سێ باز خاوەنی چەندین ژمارەی پێوانەییم لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان، لە ئێستاشدا زیاتر گرنگی بە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان لە یاری یەك باز دەدەم و هەوڵدەدەم زیاتر گرنگی بە تواناكانی خۆم بدەم.
*جگە لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان هیچ یارییەكی ترت ئەنجام نەداوە؟
-نەخێر، چونكە تاكە یارییەكە من توانیوومە ئەنجامی باشی لێ بەدەست بهێنم .
* هیوا و ئاواتت لە وەرزشكردن چییە؟
-تاكە هیواو ئاواتم ئەوەیە ببمە یاریزانێكی زۆر سەركەوتوو نەك هەر لە پاڵەوانێتی كوردستان و عێراق و عەرەبی، بەڵكو تاكە حەز و و ئارەزووم ئەوەیە بەشداری ئۆڵۆمپیاتی جیهان بكەم و ئەنجامێكی باش بەدەست بهێنم.
* ئایا خوێندن رێگری لە وەرزشكردنت ناكات؟
-نەخێر، بە هیچ شێوەیەك رێگری لێ نەكردووم، چونكە خۆم قوتابی پەیمانگای وەرزشی سلێمانیم هەموو ساڵێكیش پلەی باشم بەدەستهێناوە لە خوێندن.
* هیچ یانەیەك گرێبەستی پێشكەش نەكردووی؟
-زۆر یانە هەبووە كە پێیان وتووم، بەس تەنیا من یانەی پێشمەرگەی سلێمانیم هەڵبژاردەوە و بۆ هیچ یانەیەكی تر یاری ناكەم.
* خانەوادەكەت تاچەند هاوكارتن؟
-خانەوادەكەم بە ئاستێكی زۆر هاوكاریم دەكەن و زۆر سوپاسیان دەكەم، لە خانەوادەكەشم جگە لەمن برا و خوشەكانیشم یاریزانی یارییە جۆراوجۆرەكانن.
* ئەگەر شتێكت ماوە؟
-سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان-ی خۆشەویست كە هەمیشە پێشەنگ بووە لە خزمەتكردنی وەرزشكاران لە شارەكانی كوردستان، سوپاس بۆ یانەكەم و ڕاهێنەرەكەم و خانەوادەكەم بۆ هاوكاری كردنمان.
