هەر چەندە ئەم وەرزە یانەی هەڵۆی دەڤەری بارزان ئامادەكاری كردووە بۆ یارییەكانی خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان بە ئامانجی گەیشتنەوە بە خولی نایابی یانەكانی كوردستان و سەرەڕای هێنانی ڕاهێنەرێكی عەرەب و چەند یاریزانێكیشی هێناوەتە ریزی تیپەكەی بۆ ئەوەی بتوانن یانەكە بگەیەننەوە خولی نایابی كوردستان، لە بارەی بەدەستهێنانەوەی ئەنجامی شایستەش لەم وەزرە ئەحمەد خەلیل سەرۆكی یانەی وەرزشی هەڵۆ بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئێمە ئامادەكارییەكانمان وەكو پێویست بووە، بۆیە لە ئێستاشدا ئومێدی زۆرمان بە یاریزانانی تیپەكەمان هەیە كە دەتوانن ببنە پاڵەوانی گرووپەكەیان و سەركەوینەوە بۆ قۆناغەكانی داهاتوو، هەر چەندە ئەمساڵ تیپەكان بەشێوەیەكی تر بەشدارن و ئێمەش ئومێدی زۆرمان هەیە كە بتوانین ڕكابەری لەگەڵ تیپەكان بكەین». لە بارەی گرفتەكانیش خەلیل گوتی: «ئێمەش وەكو سەرجەم یانەكانی تری هەرێمی كوردستان گرفتی داراییمان هەیە، بەڵام هەر كۆڵمان نەداوەو ساردبوونەوەمان نەبووە لە خولەكە، ئێستاش خولی كوردستان سەرەتایەتی، بۆیە دەمانەوێ بەم یاریزانانە و بەم بارودۆخە خراپە بتوانین ئەنجامێكی گەورە بۆ دەڤەرەكەمان بەدەست بهێنین و ئەوەش بسەلمێنین كەوا ئاستی وەرزشی بارزان لە دۆخێكی باشدایە هەر چەندە گرفتی داراییش هەیە، ئێمەش متمانەی تەواومان بە دەستەی ستافی مەشقی یانەكە هەیە، بۆیە دەمانەوێ خوێندنەوەی باشترمان بۆ تیپەكەمان هەبێت و بتوانین بەربەستەكان بەسەركەوتوویی ببڕین، ئەمساڵیش جیاواز لە ساڵانە و یەكێتی تۆپی پێی كوردستان یانە بەشداربووەكانی خولی پلە یەكی كوردستانی بۆ سێ گرووپ دابەشكردووە.