راهێنەری نەورۆز: یانەی نەورۆز بەناو تاكە نوێنەری شاری سلێمانیە!!!
لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكە، ئەرسەلان جەلال سەبارەت بە یارییەكە گوتی: یارییەكەمان بەرانبەر یانەی برایەتی چارەنووسازە تەنیا بردنەوە سوودی بۆ ئێمە هەیە و هەروەها سوودی بۆ یانەی برایەتی هەیە، یەكسانبوون خزمەتی یانەكانی تر دەكات، بۆیە نامانەوێت خزمەتی هیچ یانەیەكی تر بكەین، ئێمە وەكو دەستەی راهێنەران لە ئەنجامی تیپەكەمان رازی نینە، چونكە بە بەراورد لەگەڵ وەرزی رابردوو ئاست و ئەنجامان وەكو پێویست نییە.
لە درێژەی قسەكانیدا ئەرسەلان جەلال گوتی: دەستەی كارگێری یانەكە پێش دەستپێكردنی خولەكە بە ئێمەیان راگەیاند، كە ئامانجی سەرەكیان تەنیا مانەوەیە لە خولی نایاب، بەڵام ئێمە ركابەری لەسەر نازناوی خولەكە دەكەین.
لە وڵامی پرسیاریەك سەبارەت بە تاكە نوێنەری شاری سلێمانی لە خولی نایابی كوردستان ئەرسەلان جەلال گوتی: ئێمە تەنیا بە ناو تاكە نوێنەری شاری سلێمانین، چونكە هەموو دەرگاكانمان لە بەرانبەر داخراوە، هیچ هاوكارییەك ناكرێن، قسەیەكی زۆر هەبوو سەبارەت بە یاریكردنمان لە یاریگەی سلێمانی، بەڵام سوودی چییە، ئەگەر تەنیا رۆژێك پێش یاری مەشق لەم یاریگایە ئەنجام بدەم بۆ ماوەی 20 خولەك، زۆرمان حەز لێیە لە یاریگەی سلێمانی یاری بكەین، بەڵام بە مەرجێك مەشقی رۆژانەی خۆمان لەم یاریگایە ئەنجام بدەین.
لە كۆتایی قسەكانیدا ئەرسەلان جەلال گوتی: زۆر كارمان لەسەر تۆپە جێگرەكان كردووە بۆ ئەوەی چارەسەری ئەم خاڵە بكەین و هەروەها كارمان لەسەر هێرشبەران كردووە بۆ ئەوەی چارەسەری گۆڵنەكردن بكەین، ئومێدەوارم بە سێ خاڵی یارییەكە بگەرێنەوە شاری سلێمانی.
دواتر بهادین بەكر یاریزانی یانەی نەورۆز سەبارەت بە یارییەكە گوتی: گشت یاریزانەكان بۆ یاری بەرانبەر یانەی برایەتی ئامادەن و هەموو یاریزانەكان بەڵێنی بە دەستهێنانی سێ خاڵی یارییەكەیان داوە بۆ ئەوەی دووبارە بگەرینەوە نێو ركابەریكردن لەسەر بە دەستهێنانی یەكێك لە بلیتەكان سەركەوتن بۆ چوار گۆشەی زێرین.
رێبین رەمزی
