پێشمەرگەی هەولێر ئامادەیە بۆ یارییەكەی دهۆك

پێشمەرگەی هەولێر ئامادەیە بۆ یارییەكەی دهۆك
وا بریارە رۆژی پێنچشەممە لە یاریگەی خۆی لە شارۆچكەی پیرمام، یانەی پێشمەرگەی هەولێر میوانداری یانەی دهۆك دەكات لە چوارچێوەی یارییەكانی هەفتەی سێیەمی قۆناغی دووەمی كۆمەڵەی دووەمی خولی نایابی فاست لینكی كوردستان.
دوای بە دەستهێنانی خالێك لە هەفتەی رابردوو بەرانبەر یانەی نەورۆز، یاریزانانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر مەشقیان ئەنجام نەدا بەهۆی وەرنەگرتنی مووچە و گرێبەست، بە پێی زانیارییەكان یانەكە لەم هەفتەیە تەنیا دوو رۆژ مەشقی خۆی كردووە.
لەمباریەوە نیهاد عادل جێگری سەرۆكی یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە لێدوانێكی تایبەتدا گوتی: ئەمرۆ چوارشەممە دوای ئەنجامدانی مەشق، دەستەی كارگێری یانەكەمان كۆبوونەوەی لەگەڵ ستافی یاریزانان و راهێنەرانی تیپەكە ئەنجامدا بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان، كە رووبەرووی تیپەكە بوویتەوە.
لە درێژەی قسەكانیدا نیهاد عادل گوتی: توانیمان قەناعەت بە یاریزانەكان بهێنین، كە سبەی پێنچشەممە یارییەكەیان بەرانبەر یانەی دهۆك ئەنجام بدەن، چونكە ئەم یارییە گرنگ و چارەنووسازە بۆ یانەكەمان و پێویستیمان بە سێ خاڵ هەیە بۆ ئەوەی بتوانین لە ركابەرییەكە بەردەوام بین بۆ سەركەوتن بۆ چوار گۆشەی زێرین.
دواتر سەمیر بابۆ راهێنەری یانەی پێشمەرگەی هەولێر سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی تیپەكەی گوتی: یانەكەمان لەم هەفتەیە مەشقەكانی بە تەواوی ئەنجام نەدا بەهۆی كێشەی یاریزانان لە رووی وەرنەگرتنی مووچە و گرێبەست، ئێمە وەكو ستافی راهێنەران هەوڵێكی زۆرمان دا، تاوەكو یاریزانان لەم یارییە گرنگە ئامادە بن، خۆش بەختانە، ئەمرۆ چوارشەممە دواین یەكەی مەشقی خۆمان ئەنجام دا دواتر كۆبوونەوەیەك لەگەڵ دەستەی كارگێری یانەكە ئەنجام دا بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر ئەم بابەتە.
لە كۆتایی قسەكانیدا سەمیر بابۆ گوتی: جەماوەری پێشمەرگەی هەولێر دڵنیا دەكەمەوە، كە رۆژی پێنجشەممە یاریزانەكان لە نێو یاریگا ئامادە دەبن بە مەبەستی ئەنجامدانی ئەم یارییە چارەنووسازە، ئومێدەوارین لەم یارییە سەركەوتن بە دەستبهێنین.
جێگەی باسە یانەی دهۆك بە كۆكردنەوەی 12 خاڵ لە پلەی یەكەمی كۆمەڵەكەی خۆی دێت و یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە پلەی دووەمی كۆمەڵەكە دێت بە كۆكردنەوەی 10 خاڵ.
رێبین رەمزی
Top