هەرچەندە یانەی دهۆك بە هۆی ئەو هەڕەشانەی كە لە شاری بەغدا لە یاریزانانی تیپەكەی كرا لە جامی عێراقی، بۆیە بڕیاری هەڵوێست وەرگرتنی دا بە یاری نەكردنی لە یارییەكانی خولی عێراقی، ئێستاش لە بری خولی عێراق تیپەكەی رێكخستۆتەوە بۆ ئەوەی كێبڕكێ لەسەر نازناوی خولی نایابی یانەكانی كوردستان بكات. بۆیە دەستەی كارگێڕیی یانەكە بە ئامانجی زیاتر گرنگیدان بە تیپەكەیان و پێگەیاندنی یاریزانانی كورد، گرێبەستی یاریزانە پیشەگەر و عەرەبەكانیان هەڵوەشاندۆتەوە و بڕیاری ئەوەیان داوە تەنیا بۆ خولی كوردستان یاری بكەن بە یاریزانانی كورد و بەشێك لە پارەی گرێبەستەكانیان بۆ دابین بكات، لەم بارەشەوە محەمەد عەلی بەرپرسی راگەیاندنی یانەی وەرزشیی دهۆك بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئێمە ئەمساڵ بڕیاری ئەوەمان دابوو بەشداری لە خولی عێراق بكەین، بەڵام بە هۆی ئەو رەفتارەی بەرامبەر ئێمەیان كرد و یەكێتیی تۆپی پێی عێراقیش هەڵوێستی نەبوو، ئێمە ئەم بڕیارەمان داوە، ئێستاش زیاتر خۆمان بە یارییەكانی خولی كوردستان سەرقاڵ دەكەین و چاومان لەوەیە ئەنجامی دڵخۆشكەر بەدەستبهێنن، بۆیە تەنیا یاریزانە كوردەكانمان ماوە، بەم یاریزانانە بەشدارین لە خولی كوردستان دەكەین». لەبارەی دابینكردنی ئەو بڕە پارەیەش گوتی: «بڕی یەكەمی گرێبەستی یاریزانانی تیپەكەمان دابین كردووە لە ماوەیەكی زۆر كورتدا پێیان دەدەین كە مافێكی سروشتی خۆیانە، ئێمەش بەردەوام دەبین لە پشتگیری كردنی یاریزانانی كوردی شارەكەمان.»