هێرشبەر و ئەستێرەی یانەی برۆسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی پیێر ئیمیریك ئۆبامیانگ لەم وەرزە دا ئاستێكی بەرز پێشكەش دەكات و توانیویەتی لەماوەی نۆزدە گەڕی ڕابردووی خولی بۆندیس لیگا دا بیست گۆڵ بۆ یانەكەی تۆمار بكات. لای خۆیەوە ئۆبامیانگ ئاماژەی بۆئەوەكرد هەوڵ دەدات بگاتە ریكۆردی گێرد مۆلەری هێرشبەری لێهاتووی پێشووی یانەی بایرین میونشن. ئەمەو یانەی برۆسیا دۆرتمۆند بەپشت بەستن بە تواناكانی ئۆبامیانگ درێژە بە كاروانی سەركەوتنەكانی خۆی دەدات. ئەو هێرشبەرەی یانەی دۆرتمۆند بۆ شكاندی ریكۆردی گێرد مۆلەر دەبێ تا كۆتایی ئەو وەرزە بیست و یەك گۆڵی دیكەش تۆمار بكات. لەبەشێكی تری قسەكانیدا ئۆبامیانگ دەڵێت : من لەو وەرزە دا بە پشتگیری یاریزانەكانی دیكەی یانەكەمان توانیومە بە پێشكەش كردنی ئاستێكی بەرز بیست گۆڵ تۆمار بكەم. هەروەها ناوبراو وتیشی : لە دونیای تۆپی پێی دا ئەگەری روودانی زۆر شتی چاوەڕوان نەكراو لە ئارادایە، بۆیە من هەوڵ دەدەم بە تۆمار كردنی بیست و یەك گۆڵی دیكە ریكۆردی گێرد مۆلەر بشكێنم كە لە وەرزێكدا 40 گۆڵی تۆماركرد، ئەگەر چی دەزانم ئەوە كارێكی زۆر ئەستەمە، بەڵام تا كۆتایی ئەو وەرزە دەستە وەستان نابم. ئۆبامیانگ سەبارت بە ڕاهێنەر توماس تۆخیل وتی : تۆخیڵ بەردەوام هانم دەدات بۆ ئەوەی گۆڵی زیاتر تۆمار بكەم، چونكە ئێمە خاوەنی باشترین هاندەرین لە سەر ئاستی جیهاندا ئەوان لە خولەكی یەك تا كۆتایی یاریەكان هانمان دەدەن بۆ ئەوەی براوە بین. ئەو ئەستێرە گابۆنیەی یانەی زەردەواڵەكانی ئەڵمانیا دەربارەی ئاستی یانەكەیانەوە روونیكردەوە لە ئێستا دا یانەكەمان ئاستێكی باش پێشكەش دەكات و لە دوای یانەی بایرەن میونشنەوە لە پلەی دووهەمی خولی بۆندیس لیگا دایە و ئێمە تا دوا یاری هەوڵ دەدەین براوەی نازناوەكە بین.