هەڵبژاردنی لقی سلێمانی یەكێتی تۆپی پێی عێراق ئەنجام درا
ئەم هەڵبژاردنە بەسەرپەرشتی یەكێتی تۆپی پێی عێراق ئەنجامدرا، كە لێژنەیەك پێكهاتبوو لە عەبدولخالق مەسعود سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق و سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان و قەیس محەمەد پارێزەر و بەر پرسی هۆبەی یاسایی یەكێتی تۆپی پێی عێراق.
لەسەرەتای هەلبژاردنەكە سەرۆك و سكرتێر و ئەمینداری دارای پێشووی باسی كارو چالاكیەكانی رابردوویان كرد، دواتر بە بەشداری 12 ئەندام هەڵبژاردنی ئەندامە نوێیەكان دەستی پێكرد، لەم قۆناغ-دا سەرجەم پۆستەكان یەكلایی بۆوە.
هەریەك لە ئیبراهیم قاسم سەرۆكی پێشوو و كاوە ئەحمەد كێبركێیان دەكرد بۆ بردنەوەی سەرۆكی نوێی یەكێتیەكە ، عەباس عەلی و ئامانج كەمال بۆ جێگری سەرۆك و سەردار حەمە عەلی بۆ ئەمینداری گشتی و رزگار باییز و رەفیق ئیسماعیل بۆ لێپرسراوی دارایی كێبركێیان دەكرد و باهیر تاهیریش بۆ ئەندامێتی كێبركێان دەكرد دواتر دەنگدان دەستی پێكرد.
لە یەكەم قۆناغی هەڵبژاردنەكەدا سەرجەم پۆستەكان یەكلایی بۆوە ، كاوە ئەحمەد بەرامبەر ئیبراهیم قاسم سەركەوتنی بەدەست هێناو بەسەرۆكی نوێ هەڵبژێردرا ، عەباس عەلی بە جێگر و سەردار حەمە عەلی بە ئەمینداری گشتی و رزگار بایز بە ئەمینداری دارایی و باهیر تاهیر بە ئەندام دەستنیشان كران.
جێگەی باسە ئیبراهیم قاسم بۆ ماوەی 8 ساڵ وەكو سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق لقی سلێمانی كاری دەكرد و پێشتر ئەندامی یەكێتی تۆپی پێی عێراق بوو.
رێبین رەمزی
