یانەی هەولێر پرۆژەی بازرگانی ئەنجام دەدات

یانەی هەولێر پرۆژەی بازرگانی ئەنجام دەدات
بە ئامانجی باشتربوونی باری دارایی یانەكە و رزگاربوون لەم قەیرانە داراییە سەختەی كە بەرۆكی یانەكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، یانەكانی كوردستانیش لە ئێستادا بەشێكیان پشتیان بە پرۆژەكانیان بەستووە و بەشێكیان بەو پارەی كە دەستیان دەكەوێت بۆ بەڕێوەبردنی یانەكانیان لە تیپە جۆراوجۆرەكانیان سەرفی دەكەن، یانەی وەرزشیی هەولێریش وەكو سەرجەم یانەكانی دیكەی كوردستان قەیرانی دارایی تەنگی پێ هەڵچینوە و تا ئێستا گرێبەستی یاریزانانی تیپەكەی نەداوە، جگە لەوەش چەند تیپێكیش، بەبێ بوونی هیچ بڕە پارەیەك و تەنیا لەبەر خۆشەویستییان بۆ شارەكە و یانەكەیان بە خۆبەخش یاری دەكەن، بەڵام كارگێڕانی هەولێر بۆ بەهێزكردنی ژێرخانی وەرزشی یانەكە پلانیان هەیە و بەنیازن پرۆژەیەكی دیكەی بازرگانی بكەنەوە. هەر لەو بارەیەوە مەحموود عەزیز جێگری سەرۆكی یانەی وەرزشیی هەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «لە ئێستادا بەشێك لە تیپەكانمان بە خۆبەخش یاری دەكەن، ئەوەش بۆ ئێمە جێگەی دڵخۆشییە كە ئەوان كوڕی تیپەكەمانن و بۆ خۆشەویستی یانەكەیان و بەرزكردنەوەی ناوی شارەكەیان بە خۆبەخشانە یاری دەكەن، بەتایبەت تیپی بالەو دەتوانن ببنە پاڵەوانی كوردستان، هەر چەندە ماوەیەكی زۆرە مووچەیان نییە، ئێمە هەوڵی بەردەوام دەدەین بۆ ئەوەی بتوانین دەرگایەكمان لێ بكرێتەوە بۆ ئەوەی مووچەی سەرجەم ئەو تیپانە دابین بكەین، كە هیچ مووچەیەكیان وەرنەگرتووە، بۆیە لە ئێستادا پلانمان هەیە پرۆژەی بازرگانی دیكە لە یانەكەمان بكەینەوە بۆ ئەوەی توانین باری دارایی یانەی وەرزشیی هەولێر باشتر بكەین، هەوڵیش دەدەین بتوانین ئاستی تیپەكانی تریش بەرەو پێش ببەین، چونكە قەیرانی دارایی بەرۆكی هەموو لایەكی گرتووە و بڕیاری ئەوەشمان داوە تیپەكانی ترمان كە مەشقیان وەستاوە، دەست بە ئامادەكارییەكانیان بكەن بۆ خول و پاڵەوانیەتیەكانی داهاتوو.»
Top