پێشمەرگەی هەولێر ئومێدی زۆریان هەیە

پێشمەرگەی هەولێر ئومێدی زۆریان هەیە
یانەی پێشمەرگەی هەولێری پیرمام ئەمساڵ بە كۆمەڵێك گرفتی داراییەوە بەشداری لە كێبڕكێیەكانی وەرزی نوێی خولی نایابی یانەكانی كوردستانی كردووە، هەرچەندە تیپەكە لە پێنج یاری رابردوو تا رادەیەك ئاستی شایستەی پێشكەش كردوە و جگە لە یاری برایەتی نەبێت، كە بە دۆڕاو هەژماركرا بۆی و دوورخستنەوەی هەتاهەتایی راهێنەری گۆڵپارێزی یانەكەی، بەڵام دەستەی راهێنەرانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر ئومێدی تەواویان بەخۆیان هەیە كە دەتوانن ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنن لە یارییەكانی داهاتوو، بۆ ئەوەی خۆیان بگەینە یارییەكانی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی یانەكانی كوردستان لە كۆمەڵەی دووەمی خولەكەی، لە بارەی ئاستی تیپەكەش سەمیر بابۆ راهێنەری یانەی پێشمەرگەی هەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «هەر چەندە ئێمە لە سەرەتای خولەكە ئاستمان وەكو پێویست نەبوو، لە یاریشمان بەرامبەر برایەتی بە دۆڕاو هەژماركرا یارییەكە بۆمان كە زۆر كارێكی دژی ئێمە بوو، بەڵام هەر وەكو بڕیاری ئەوەماندابوو كە نابێت ئەو ئەنجامە كاریگەری لەسەر ئاستی یاریزانانمان دروست بكات، لە رووی دەروونییەوە یاریزانانمان بە شێوەیەكی باش ئامادە كردووە، جگە لەوەش گرفتی داراییمان هەیە وەكو سەرجەم یانەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام سوپاسی دەستەی كارگێڕی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی هەولێر دەكەین كە پاڵپشتی بەردەوامی تیپەكەمانن، ئێمەش هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی یاری بۆ یاری ئاستمان باشتر بێت،» لەبارەی پێشبینیكردنی بۆ ئەنجامی تیپەكەش بابۆ گوتی: «ئێمە خاوەن كۆمەڵێك یاریزانی ئاست بەرزین لە خولی نایابی كوردستان و متمانەی تەواومان بە خۆمان هەیە كە پشتیوان بە خوای گەورە دەتوانین خۆمان بگەینە یارییەكانی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی یانەكانی كوردستان، یاریزانانیش ئەو ئامادەییەیان تێدایە كە بتوانن ئەنجامی گەورە بەدەست بهێنین.»
Top