چوارشەممە خولی پلە یەكی كوردستان دەست پێ دەكات

چوارشەممە خولی پلە یەكی كوردستان دەست پێ دەكات
دوا كۆبوونەوەی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان لەگەڵ نوێنەری یانە پلە یەكەكانی كوردستان ئەنجامدرا و بڕیاردرا چوارشەممە 3-2-2016 وەرزی نوێی خولی پلە یەكی كوردستان دەستپێبكات.
رۆژی یەكشەممە 31-1-2016 یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆك و جێگری سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێ و ژمارەیەك لە ئەندامانی، دواكۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری یانە پلە یەكەكانی كوردستان ئەنجامدا و لە كۆبوونەوەكەدا بیروڕای زۆر لە بارەی وەرزی نوێی خولی پلە یەك باسكرا.
كۆبوونەوەكە زیاتر بۆ ئەوە بوو یانەكان بەڵێننامە پڕبكەنەوە و بەڵێن بدەن ئاساییشی یاریگەكان بپارێزن و تیپ و یاریزانان و ناوبژیوانان پارێزراوبوون كاتێك یارییەكان دەستپێدەكات.
سەفین كانەبی لە كۆبوونەوەكەدا وتەیەكی پێشكەشكرد و داوای لە یانەكان كرد ئاساییشی یاریگەكان بپارێزن.
ئەو گوتی: "ئاساییشی یاریگەكان زۆر گرنگە، بۆیە نامانەوێ كێشە بۆ هیچ شوێنێك دروست بكەین".
سەفین كانەبی دانی بەوەدانا، بەهۆی قەیرانی داراییەوە بەنیازنەبوون خولی پلە یەك بەڕێوەببەن، بەڵام بەهۆی پاڵەپەستۆی یانەكانەوە بڕیاریاندا خولەكە دەستپێبكەن.
گوتیشی: "قەیرانێكی گەورەی دارایی لە كوردستان هەیە و ئێمەش وەكو یەكێتیی تۆپی پێ قەیرانمان هەیە، چونكە ئێمە پارەمان هەیە، بەڵام بانكەكان پارەی خۆمانمان پێنادەن، بۆیە ئەگەر بانكەكان هاوكارمان نەبن، دوورنییە خولەكە دووچاری وەستان بێت".
هەروەها گوتی: "پێویستە یاریگەكا پارێزراوبن و یانەكان بەڵێن بدەن، چونكە بڕیارمان داوە هەر یاریگەیەك كێشەی لێ دروستبێت، هیچ یارییەكی لێ بەڕێوەناچێ و توندترین سزای یانەكەش دەدەین.
لەگەڵ ئەوەشدا رایگەیاند، بەشداریكردن لە خولەكەدا ئارەزوومەندانەیە و هەر یانەیەك ناتەوێ یاریگەكەی بپارێزێت و جەماوەرەكەی كۆنتڕۆڵ بكات، دەتوانێت رابگەیەنێت و بەشدارنەبێت.
سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێ گوتی، كێشە هەر روودەدات، بەڵام سەرەتا پێویستە یانەكان یاریزانان و ستافی مەشق و جەماوەری خۆیان رێكبخەن و قسەیان لەگەڵ بكەن، چونكە لە هاتنەپێشی كێشە و گرفتدا یەكەم لایەن ئەو یانەیە زەرەرمەند دەبێت، كە كێشە لە یاریگەكەی روودەدات.
داواشیكرد یانەكان رێز لە ناوبژیوانان بگرن و وەكو وەرزشوان سەیریان بكەن.
هەروەها ئاشكرایكرد: هەموو بڕیارێك لە یەكێتیی تۆپی پێی كوردستانەوە دەردەچێت، جا لە رێنماییەكانی خولەكەدا هاتبێت یان نا".
دواتر هادی كەریم جێگری سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان بە كورتی هەندێك قسەی لە بارەی خولەكە كرد و گوتی: "دواخستنی خولەكە لە كاتی پێشوودا بەهۆی تاقیكردنەوەی خوێندنی قوتابیان بوو لە شاری كەركووك، چونكە چوار یانەی شارەكە لە خولەكە بەشدارن".
گوتیشی: "خولەكە ناوەستێت مەگەر بارودۆخێكی زۆر تایبەت و نائاسایی بێتە پێشەوە و داواكارین یانەكان پێداویستی یاریگەكان دابین بكەن.
جێگری سەرۆك داوا لە یانەكان كرد رێزی لە تیپی میوانیان و ناوبژیوانان بگرن و بیانپارێزن لە هەر كارێكی نەشیاو، ئەگەر رووبدات".
دواتر نوێنەری یانەكان بیروڕا و سەرنج و تێبینییەكانی خۆیان خستەڕوو.
پاشانیش هەندێك رێنمایی سەبارەت بە خولەكە پێشكەش بە نوێنەری یانەكان كرا لەلایەن سەرۆكی لیژنەی پێشبڕكێیەكان دڵشاد ساڵح.
دواجاریش بڕیاردرا رۆژی چوارشەممە 3-2-2016 خولەكە دەستپێبكات و یارییەكانی گەڕی یەكەم بەڕێوەبچێت و لە هەفتەی داهاتووشەوە یارییەكان هەفتەیەك لە دووشەممە و هەفتەیەكیش لە سێشەممەدا ئەنجام بدرێت.
خولی ئەم وەرزەی پلە یەكی كوردستان بە بەشداریی 15 یانە بەڕێوەدەچێت و بەسەر 3 كۆمەڵەدا دابەشكراون، كە لە هەر كۆمەڵەیەك پاڵەوانی كۆمەڵەكە، لەگەڵ تیپێك، كە باشترین پلەی دووەم بەدەست دەهێنێت، بۆ قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین سەردەكەون.
هاوكات یەك تیپ بۆ وەرزی داهاتوو دادەبەزێت، دوای ئەوەی یانەی بروسك بەهۆی بەشدارینەكردنی لە خولەكەدا، بۆ پلە دوو دابەزێندرا.
Top