بەئاواتی ئەوەم مەشق لە وڵاتانی ئەوروپا بدەمەوە

بەئاواتی ئەوەم مەشق لە وڵاتانی ئەوروپا بدەمەوە
كاوە ئیبراهیم
راهێنەری گۆڵپارێزی یانەی وەرزشیی هەولێر:


ئا: كارزان كانەبی

كاوە ئیبراهیم بە یەكێك لە گۆڵپارێزە بەتواناكان دێتە هەژماركردن لە مێژووی یانەی وەرزشی هەولێر و ئێستاش وەكو راهێنەری گۆڵپارێز لە یانەی هەولێر درێژە بە كاری وەرزشی دەدات. كاوە شوێنپەنجەی دیارە لە درووستكردنی چەندین گۆڵپارێزی بەتوانا لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان، پێشووتریش لە هەریەك لە یانەكانی لاوانی هەولێرو تیپی یەكەمی هەولێر و وەحدات-ی ئوردەنی و تیلال-ی یەمەنی و یانەی دهۆك و بروسك و غازی شیمال كاری كردووە، كاوە ئیبراهیم لە دایكبووی ساڵی 1971ی شاری هەولێرە، لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد و ئەویش بەم جۆرە وەڵام پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی –دایەوە.

* چۆن بوو دوای ماوەیەكی زۆر لە دابڕانت لە یانەی هەولێر بڕیاری گەڕانەوەت دا؟
- دوای ئەوەی یانەی هەولێر پێوەندی پێوە كردووم بۆ ئەوەی مەشقی گۆڵپارێزەكانی بدەمەوە، منیش لەگەڵیان گفتوگۆم كرد و رەزامەندیمان هەبوو لەسەر گرێبەستەكەم بۆیە جارێكی تر گەڕامەوە یانەكەی خۆم.
* هەست ناكەی درەنگ گەڕایتەوە یانەكە؟
- من ئەوكاتە گەڕامەوە كە پێوەندیان پێوە كردووم درەنگ و زوو پێوەندی كردن نییە بە بۆچوونی من ئەوە پیشەگەرییە.
* ئاستی یانەی وەرزشیی هەولێر چۆن دەبینی لە ئێستادا؟
-من وەكو راهێنەری گۆڵپارێزەكان ئاستی یانەكەم لە ئێستادا كە قەیرانیشە، بەڵام لە دوو ساڵی رابردوو باشتری دەبینم وەكو ئاست، هاتنەوەی جەماوەر بۆ یاریگا و یانەكەشمان بە سوپاسەوە سەرجەم بەڵێنەكانی جێبەجێ كرد كە دابووی.
* پشتبەستن بەم هەموو یاریزانە كوردە چیت بیر دەخاتەوە؟
-ئەو كاتەی كە یاریگا جێگای نەدەما پڕ دەبوو لە هاندەری یانە ئەوە خۆشترین یادگارییە.
* لەم بڕوایەی بتوانن بەم یاریزانە لاوانە ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنن؟
-بەڵێ، ئەگەر هەندێك یاریزانمان كەم ئەزموونیشن، بەڵام ئازایەتی وایكردووە زاڵ بێ بەسەر ئەزموونی هەتا رادەیەك، بۆیە ئومێدم هەیە بتوانین ئەنجاممان شایستە بێت.
* وەكو راهێنەری گۆڵپارێز لە خولی كوردستان و عێراق چ جیاوازییەك بەدی دەكەی؟
-وەكو خول جیاوازی نییە، تەنیا جیاوازییەكان ئەوەیە پیشەگەر و یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بەشدارن لە خولی عێراق، خولی كوردستانیش زۆر رێك و پێكە لە بڕیار و كات و ساتی بەڕێوەچوونی یارییەكان و یاریزانی زۆر باشی تێدایە و ئومێدێكی زۆرم بەم هەموو یاریزانانە هەیە لە سەرجەم یانەكان.
* بۆ ئەنجامی یانەی هەولێر لەم وەرزەدا پێشبینی چی دەكەی؟
- ئامانجی خۆمانە بۆ پلەی یەكەم یاری بكەین، چونكە یاریزانان زۆر بە دڵسۆزی بۆ شارەكەیان یاری دەكەن، وەكو سەرەتاش دەمانەوێ یەكێك بین لە چوار تیپەكەی یەكەم بین.
* هیچ گرێبەستێكت بۆ هاتبوو لەم وەرزە؟
- پێش پێوەندیكردنم بە وڵاتی بەحرێن، بەڵام یانەی هەولێرم پێ باشتر بوو.
* ماوەیەكی زۆر لەگەڵ كاپتن ئەكرەم سەلمان كارت دەكرد، ئێستا لەگەڵ ئەو نەماوی بۆچی؟
- پاش ئەوەی من پێوەندیم بە یانەی هەولێركرد، كاپتن ئەكرەم هەڵبژاردەی عێراقی لە ئەستۆ بوو، وەك راهێنەری پیشەگەر دەبێت رێز لە گرێبەستەكەت بگرێت تاكو كۆتایی وەرز.
* هیوا و ئاوات لەگەڵ یانەی وەرزشیی هەولێر؟
-هەتا ئەو كاتەی گرێبەستم لەگەڵ هەولێر بێت، هەموو هەوڵی خۆم دەخەمەگەڕ بۆ ئەوەی گۆڵپارێزان بە ئاستێكی باش پارێزگاری لە یانەكەیان بكەن، لە هەمان كاتدا دروستكردنی گۆڵپارێز بۆ شارەكە و یانەكە بە هاوكاریی هەموو لایەك دەكرێت.
* گرفتی وەرزشی كوردستان لە چیدا دەبینی؟
-بایەخدانی یانەكان بە فێركەری باش و زانینی یاریزانان لە دەستوری تۆپی پێی لەلایەن یاریزانان و فێربوونی كارگێڕانی یانە كە هەر كەس كار لە بواری خۆی بكات، كارگێڕ كارگێریی بێت و راهێنەریش مەشق بداتەوە، بەڵام یاریزانیش گوێڕایەڵی مەشقكردن بێت.
* بەرنامەت بۆ داهاتووی خۆت چییە؟
-بەرنامەم ئەوەیە خۆم زیاتر پێش بخەم، چونكە وەرزش دەریایە، حەز دەكەم ئەم جارە مەشق لە وڵاتانی ئەوروپا بدەمەوە.
* ئەگەر شتێكت مابێت ؟
-زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم بۆ بەسەركردنەوەی وەرزشكارانی شارەكانی كوردستان، جێگەتان دیارە لە خزمەتە بەردەوامەكانی وەرزش لە كوردستان.
Top