ناوەرۆكی رێكەوتنی نێوان یەكێتی تۆپی پێی كوردستان و فاست لینك خرایەڕوو
سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتی ناوەندەی تۆپێی پێی كوردستان ڕایگەیاند: قەیرانی دارایی زۆربەی جومگەكانی ژیانی گرتۆتەوە، وەرزشیش بێبەش نەبووە لەو قەیرانە داراییە، هەر بەهۆی نەبوونی هاوكاری دارایی، خول و چالاكییە وەرزشییەكان وەستاون، ئەمەش بووە هۆی چونە دەرەوەی چەندین یاریزان و گەنجی كوردستان بۆ وڵاتانی دەرەوە، لەبەر ئەوە خۆمان بەشەرمەزار دەزانین لە ئاست نەكردنەوەی خولەكان.
كانەبی وتیشی: لە دەرگای زۆر كەسمان دا، لە ئێستادا كوردستان بە بارودۆخێكی خراپدا تێپەڕ دەبێت، هیچ كۆمپانیاییەك ئامادە نەبوو هاوكاریمان بكات، بەڵام جێگای دڵخۆشییە كە كۆمپانیای فاست لینك خۆیان دەستپێشخەر بوون و ئامادەیی خۆیان پیشان دا بۆ پاڵپشتی كردنی خولەكانی تۆپی پێی كوردستان، ئەمەیش سەرەتایەكی باش بوو بۆ دەستپێكردنی خولەكە.
سەرۆكی یەكێتی ناوەندی تۆپێی پێی كوردستان تیشكی خستە سەر ئەوەی ڕاگەیاندن رۆلێكی بەرچاوی دەبێت لە راكێشانی سەرنجی كۆمپانیاكانی تر و هاتنە پێشەوەی كۆمپانیاكان بۆ هاوكاری كردن و بوون بە سپۆنسەری یانە و خولە وەرزشییەكان و یەكێتیە وەرزشییەكان.
كانەبی زیاتر گوتی: بڕی بۆندەكە 300 هەزار دۆلارە و بۆ ماوەی یەك ساڵە، هەموو ئەندامانی یەكێتیەكەش لە ناوەرۆكی بۆندەكە ئاگادارن، هەموو خاڵەكانی نێو رێكەوتنەكە ڕوون و ئاشكرایە، خولەكەش بەناوی (خولی نایابی فاست لینكی كوردستان) دەبێت، هیچ گرفتێك لە ناوی خولەكەش نابینم، چونكە خولە بەناوبانگەكان و یانە وەرزشییە جیهانیەكانیش سپۆنسەریان هەیە و بەناوی ئەوانەوە دەكرێن.
لەلای خۆیەوە فاتح ئیسماعیل بەرێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی فاست لینك گوتی: وەك هەستكردن بە ئەركێكی نیشتمانی بڕیارماندا بە هاوكاریكردنی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان، ئەوەندەی ئێمە مەبەستمان نەوەستان و سەرخستنی خولەكەیە نیو ئەوەندە مەبەستمان رێكلام نییە، هەستمان بەوە كرد وەرزشی كوردستان بەتایبەتی تۆپی پێ سست بووە، بۆیە بریارماندا هاوكارییان بكەین، بەرنامەی ئەوەشمان هەیە هاوكاری و پاڵپشتی وەرزشەكانی تریش بكەین بەگوێرەی توانا و بوودجەی خۆمان.رێبین رەمزیفۆتو: مەسعود حەسەن
