سەمەد جەوهەر لە ئەركی راهێنەرایەتی یانەی ئارارات دوورخرایەوە
سەمەد جەوهەر لە لێدوانێکی دا گووتی: بەهۆی هەڵەی سێ یاریزانی یانەکەی قبوڵنەکردووە، دەستەی کارگێریی یانەکە دەستبەرداری ئەو راهێنەرە بوو، دووجار چاوپووشی لە هەڵەی ئەو سێ یاریزانە کردووە و بۆ جاری سێیەم گوتوویەتی هەڵە قبوڵناکات و رایگەیاندووە، یان ئەو بمێنێتەوە، یان ئەو سێ یاریزانە دووربخرێنەوە، بەڵام دەستەی کارگێریی یانەی ئارارت رەتیکردووەتەوە دەستبەرداری ئەو سێ یاریزانە ببێت و راهێنەرەکەش لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە دوورخراوەتەوە.
لە بەرانبەردا وەلید ئەنوەر موراد جێگری سەرۆكی یانە سەبارەت بەم بابەتە گوتی: لە یارییەكەی كەركووك هەر سێ یاریزان عەلی عەزیز و ئەحمەد فەرخۆ و سیواد لە كاتی دیاریكراو ئامادە نەبوون و لە یارییەكەدا راهێنەر سەمەد جەوهەر ئەم سێ یاریزانی دوورخستەوە لە پێكهاتەی سەرەكی، یارییەكەمان دۆراند.
دوای یارییەكە لەگەڵ راهێنەر كۆبوونەوەمان ئەنجام دا و بە راهێنەرم راگەیاند هەر سێ یاریزان داوای لێبوردنت لێ دەكەن و دەستەی كارگێری یانە سزای یاریزانەكان دەدات، بەڵام راهێنەر سەمەد جەوهەر سوور بوو لەسەر دوورخستنەوەیان یانیش ئەو لە یانەكە بەردەوام نابێت.
لە درێژەی قسەكانیدا وەلید ئەنوەر موراد گووتی: یانەكە خۆی لە قەیرانی دارایی خراپ دایە، و یاریزانەكان ماوەی دوو وەرزە بە بێ بەرانبەر بۆ یانەكەمان یاری دەكەن، نەدەكرا لەسەر شتێكی وا بچووك ئەم سێ یاریزانە دووربخینەوە، بۆیە دوای هەوڵدانێكی زۆر لەگەڵ راهێنەر سەمەد جەوهەر، بەڵام بێ ئاكام بوو و ئێمە بڕیاری دوورخستنەوەی راهێنەرمان دا.
لە كۆتایی قسەكانیدا وەلید ئەنوەر موراد گوتی: بەشێوەیەكی كاتی لە شوێنی سەمەد جەوهەر، راهێنەری گۆڵپارێز سەعد ناسر دەبێتە راهێنەری یانەكە، تا راهێنەرێكی تر دەستنیشان دەكەین، لێرەوە زۆر سوپاسی سەمەد جەوهەر دەكەم، كە لەم ماوە كورتدا لەگەڵ یانەكە بوو و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم.
جێگەی باسە یانەی ئارارات لە كۆمەڵەی یەكەمی خولی نایابی فاست لینكی كوردستان شانبەشانی یانەكانی ( هەولێر، زێرەڤانی، كەركووك، زاخۆ، هەندرێن) یاری دەكات و دوو یاری ئەنجام داوە و یەك خاڵی هەیە.
رێبین رەمزی
