هیوادارم یانەكانی خۆمان پتر پشت بە یاریزانانی كوردستان ببەستن

هیوادارم یانەكانی خۆمان پتر پشت بە یاریزانانی كوردستان ببەستن
بەیار ئەبوبەكر یاریزانی یانەی وەرزشی دهۆك:


بەیار ئەبوبەكر لە دایكبووی ساڵی 1994ی شاری هەولێرە و یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی هێڵی بەرگرییە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق كە لە یانەی برووسكەوە پێگەیشتووە، دواتریش رووی لە یانەی دهۆك كردووە و ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە لە ریزی یانەی دهۆك یاری دەكات، چەندین گرێبەستیش پێشكەش بەم یاریزانە لاوە كراوە، بەڵام دەستبەرداری یانەكەی دەلال نەبووە، ئەمساڵیش لەلایەن هەر یەك لە یانەكانی باشوور و باكووری عێراق گرێبەستی پێشكەش كراوە، بەڵام ئەو ریزی یانەكەی جێنەهێشتووە، لەبەر خوێندنیش یاری بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراق نەكردووە. ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد و بەمشێوەیە وەڵامی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.

* بۆچی ئەمساڵیش لە یانەی دهۆك مایتەوە؟
-هۆكارەكەی ئەوە بوو كە من پەیوەستم بەو گرێبەستەی كە لەگەڵ یانەی دهۆك هەمبوو،بۆیە نەمتوانی ریزی یانەكە بەجێبهێڵم.
* بڕیارت نەداوە بگەڕێیتەوە شوێنی لە دایكبوونت كە هەولێرە؟
-تاكو ئێستا بیرم لەوە نەكردۆتەوە، بەڵام لای من دهۆك و هەولێر هیچ جیاوازییەكی نییە وەكو یاریزان گرنگ ئەوەیە كوردستانە و منیش لە خزمەتی یانەیەكی كوردیم.
* ئەمساڵ (3) گرێبەستت بۆ هاتبوو، بۆچی رەتتكردنەوە؟
-ڕاستە من لە یانەی زاخۆ و مینا و هەولێرێش داوا كرابووم بۆ ئەوەی بچمە ریزیانەوە لەم وەرزەدا و لە خولی نایابی یانەكانی عێراقی یارییان بۆ بكەم، بەڵام ماوەی گرێبەستەكەم لەگەڵ دهۆك ئەم وەرزەی ماوە.
* ئاستی یانەی دهۆك لە ئێستادا چۆن دەبینی؟
-ئاستی یانەی دهۆك لەم وەرزە زۆر باشە، بەڵام گرفتی گۆڵكردنمان هەیە، لەم بڕوایەشم و متمانەمان بە خۆمان هەیە كە لە قۆناغی دووەمی خولی نایابی عێراقی دەتوانین گۆڕانكاری بەسەر ئاستمان بهێنین و ئەنجامەكانمان شایستەتر بكەین و خۆمان لە ریزبەندی یانەكان زیاتر ببەینە پێشەوە، لە زۆربەی یارییەكانیش ئاستمان باش بووە .
* كێ هۆكارە بۆ خراپیی ئەنجامی یانەكەتان لەم وەرزە؟
-هۆكارەكەی ئەوە نییە بڵێم گرفتمان هەیە، بەڵام ئێمە تەنیا ناتوانین گۆڵ تۆمار بكەین، ئەگەر نا هەموو یاریزانان ئاستیان باشە، جگە لەوەش قەیرانی دارایی زۆر كاریگەری هەبووە بەسەر ئەنجامی تیپەكەمان ئەوەش نابێ لەبیر بكرێت.
* تا چەند لەگەڵ ئەوەی یانەكانی كوردستان زیاتر پشت بە یاریزانانی كورد ببەستن؟
- زۆر لەگەڵ ئەو رایەم، چونكە یاریزانانی كورد هیچیان كەمتر نییە لە یاریزانانی بیانی، بۆیە ئەگەر گرنگی بە ئاستی یاریزانانی كورد بدرێت، دەتوانن ئەنجامی زۆر شایستە بەدەست بهێنین، ئێستاش یانەكان ئەم سیستەمە پەیڕەو دەكەن.
* ئایا لەگەڵ ئەوەی یانەكان پشت بە راهێنەرانی عەرەب و یاریزانانی دەرەوە ببەستن؟
-ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ دەستەی كارگێڕیی یانەكان كە پشت بە چ راهێنەرێك و یاریزانێك دەبەستن، من دەڵێم با پیشەگەر هەبێت، بەڵام بە شێوەیەكی زۆر نەبێت شوێنی یاریزانانی كورد لەق بێت.
* خەونی وەرزشیت چییە؟
-هەموو هەوڵ و خەونی من ئەوەیە كە رۆژێك لە رۆژان لە یانەیەكی دەرەوەی عێراق یاری بكەم و بتوانم ئاستی راستەقینەی خۆم پێشكەش بكەم و سەری كوردستانیش بەرز بكەمەوە.
* گرفتی یانەی دهۆك لە چیدا دەبینی؟
-لە ئێستادا تەنیا گرفتی داراییە كە هەموو یانەكانی كوردستان پێوەی دەنالێنن.
* خۆشترین یادەوەری وەرزشیت چییە؟
-ئەوە بوو یەكەمجار توانیم خۆم لە ریزی یانەكان بدۆزمەوە، هەستم دەكرد دەتوانم بەرەو پێش بچم و ئەوە دەروازەیەكی گرنگ بوو لە ژیانی من.
*بە چ یاریزانێك سەرسامی لە ئاستی جیهان و ناوخۆ؟
-میسی ئەرجەنتینی هەریەك لە یاریزانان محەمەد حەمە خانی كاپتنی پێشووی یانەی برووسك و خالید موشیر كاپتنی دهۆك.
*بۆچی چەند جارێكە هەڵبژاردەی عێراق رەت دەكەیتەوە؟
-راستە چەند جارێكە داوا دەكرێم، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە من قوتابی پەیمانگای وەرزشیم لە شاری دهۆك، بۆیە ناتوانم پێوەندییان پێوە بكەم.
*ئەگەر شتێك مابێت باسی بكەی؟
-بە هیوای ئەوەم لە دوای چاكبوونەوەی بارودۆخی دارایی هەرێمی كوردستان، یانەكان دووبارە پارەیان هەبێت بۆ كڕینی یاریزانانی بەئەزموون، سوپاسی گۆڤاری گوڵانیش دەكەم كە ئەوان بەردەوام و بەبێ جیاوازی خزمەتی وەرزشكارانی كوردستان دەكەن.
Top