هەرچەندە دیدار حامد ئەم وەرزە بە نیازی ئەوە بوو روو لە یانەیەكی دەرەوەی شاری هەولێر بكات، بەڵام لەگەڵ یانەكە نەگەیشتە رێككەوتن و ڕەنگە بۆ جارێكی دی بگەڕێتەوە یانە كۆنەكەی كە یانەی هەولێرە. ئەو یاریزانە ماوەیەكی زۆر خزمەتی یانەی هەولێری كردووە لە هەردوو خولی عێراق و كوردستان، وەرزی ڕابردووش توانی ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات لەخولی نایابی یانەكانی كوردستان لەگەڵ یانەی ئارارات، بۆیە لە ئێستادا دەنگۆی ئەوە هەیە بگەڕێتەوە یانەی هەولێر لە رێگەی چەند بەرپرسێكی حكوومی و حزبی بۆ ئەوەی هەردوولا ڕازی بكەن و بە یەكتری شادببنەوە. لە بارەی نەچوونی بۆ یانەی گازی باكووریش دیدار حامد بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «هەرچەندە بڕیار بوو بچمە ریزی یانەی وەرزشی گازی باكوور بۆ ئەوە لە خولی عێراقی یارییان بۆ بكەم، بەڵام بەهۆی نەگەیشتنە رێككەوتن لەگەڵیان وازم لەم كارە هێناوە، لە ئێستادا یانەی ئارارات داوایان كردووم بۆ ئەوەی بە فەرمی گرێبەستم لەگەڵ مۆربكەن، بۆ ئەوەی لە خولی نایابی یانەكانی كوردستان بەرگری لە گۆڵەكەیان بكەم، بەڵام هێشتا لەگەڵ ئەوانیش ڕێك نەكەوتووم، لە ئێستاشدا نامەوێ بڕیاری كۆتایی بدەم لەسەر چارەنووسی خۆم:.
گۆڤاری گوڵان لە سەرچاوەیەكی نزیك لە دیدار حامد ئەوەی زانیوە كە دیدار بەنیازی ئەوەیە جارێكی دی بگەڕێتەوە یانەی هەولێر و لە رێگەی چەند بەرپرسێكی حزبی و حكوومی بەڵێنی ئەوەی پێدراوە بۆ ئەوەی هەوڵی بۆ بدەن بگەڕێتەوە یانەی هەولێر و خزمەتی ئەو یانەیە بكات كە لێی پەروەردە بووە، دیداریش ئەوەی ئاشكرا كرد كە وەرزشكردنی ئەو تەنیا بۆ پارە نییە و خولیایە و بۆ خزمەتكردنی ناوی شاری هەولێرە.