دڵسۆز عوبێد:ئاواتم ئەوەیە ئاڵای كوردستان شان بەشانی ئاڵاكــانی وڵاتانی جیهان بشەكێنمەوە

*چۆن بوو، هاتیتە نێو دنیای یاری گۆڕەپان ومەیدان؟
- لەرێگای فیستیڤاڵی خوێندنگاكانەوە ئاشنای یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان بووم لە كۆتاییەكانی ساڵی 2010، چوومە ریزی یانەی سەرچنار و پاشان بۆماوەی یەك ساڵ ڕووم كردە یانەی پێشمەرگەی هەولێروئێستاش گەڕاومەتەوە سلێمانی و یاریزانی یانەی سیروانی نوێم.
* ئاستی یاری گۆڕەپان ومەیدان چۆن دەبینی لە كوردستان ؟
- لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا یارییەكانی گۆڕەپان ومەیدان ئاستێكی بەرچاوی لەبەرەو پێشچوون بەخۆیەوە بینیوە، ئێستا یەكێتی گۆڕەپان ومەیدان گرینگی باش بەم یارییە ئەدات و پاڵەوانێتی لەسەر ئاستە جیاوازەكان دەكەنەوە كە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی گۆڕەپان ومەیدان بەرەو پێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە ببینێت.
*ئەی ئاستی ئەم یارییە لە سلێمانی چۆنە؟.
- لە شاری هەڵمەت و قوربانی گۆڕەپان ومەیدان پشكی شێری بەركەوتووە، چونكە ژمارەیەكی زۆر یاریزانی كچ و كوڕ لە هەر یەكە لە یانەكانی سیروانی نوێ و پێشمەرگە و ئەفرۆدێت هەن كە زۆربەیان خاوەنی ژمارەی پێوانەیی كوردستانن و ئەنجامیان لەسەر ئاستی كوردستان و دەرەوەشدا هەیە.
*پێت باشە چی بكرێت،بۆبەرەوپێشبردنی ئەم یارییە لە كوردستان ؟
- كردنەوەی یاریگایەكی تایبەت بە یارییەكانی گۆڕەپان ومەیدان بەتایبەتی لە شاری سلێمانی چونكە تاكو ئێستا یاریگایەكی تایبەتمان نییە تاكو بتوانین رۆژانە بێ ئەوەی پاڵەپەستۆی كەسمان لەسەر بێت ڕاهێنانەكانمان ئەنجام بدەین، دانانی بەرنامەیەكی ساڵانەی پێشوەخت بۆزانینی كات و شوێنی پاڵەوانێتیەكان وەكو یاری تۆپی پێ هەروەها كردنەوەی پاڵەوانێتی زیاتر تاكو یاریزانان زیاتر دەربكەون.
*ئەنجامە باشەكانت چین وەكو یاریزان ؟
-لەسەر ئاستی كوردستان خاوەنی هەردوو ژمارەی پێوانەییم لە ڕاكردنی 100مەتری بەربەست و بە خێرایی 15.53چركە، سێ باز 11.4مەتر كە ساڵی 2012تۆماركردووە لە پاڵەوانێتی یانەكانی كوردستان لە شاری هەولێر، هەروەها یەكەمی هەردوو یارییەكەم لەسەر ئاستی عێراقیش، خاوەنی مەدالیای بڕۆنزم لە پاڵەوانێتی عەرەب.
*لەئێستادا بەرنامەت چییە وەكو یاریزانێك ؟
- لە خۆئامادەكردندام بۆپاڵەوانێتی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بۆساڵی 2013كەوا بڕیارە لە شاری بەغدا لە 23ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، هەروەها بۆپاڵەوانێتی یانەكانی عێراق كە بڕیارە مانگی 4بەڕێوەبچێت لە شاری بەغدا.
*كێشەو گرفتان چییە لەم یارییەدا ؟
- تەنیا كێشەی ئێمە نەبوونی یاریگایەكی تایبەتە بە گۆڕەپان ومەیدان چونكە ناتوانین وەكو پێویست مەشقەكانمان ئەنجام بدەین بە سوپاسەوە هەردوو یانەی سلێمانی و پێشمەرگە كە بەردەوام دەرگای یاریگاكانیان بەڕوومان كراوە بووە وەكو یاریزانان.
* لە خێزانەكەت هیچ كەسێكتان وەرزشوانە ؟
- برایەكیشم یاریزانی كاراتێیە وخاوەنی پشتێنی ڕەشە .
*خانەوادەكەت لە وەرزش كردنت، رێگریت لێ ناكەن؟
-نەخێر، سوپاس بۆخانەوادەكەم بەتایبەتی باوكم و دایكم زۆر هاوكارو یارمەتیدەرمن و هەمیشە پاڵپشتیم دەكەن تاكو بەردەوام بم لە وەرزش و بگەمە لوتكە.
* هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك ؟
- وەكو كچە یاریزانێكی كورد ئاواتم ئەوەیە بتوانم بەشداری ئۆلۆمپیاد بكەم و ئاڵای كوردستان شان بەشانی ئاڵای وڵاتان بەرزبكەمەوە بەشانازییەوە.
*وەرزش كردن رێگریت لی ناكات لە خوێندنت؟
- نەخێر بگرە لە رێگای وەرزش كردنمەوە توانیومە بچمە ئەو بەشەی كە حەزی چەند ساڵەم بووە كە ئەویش بەشی وەرزشە لە كۆلێژكەدا وەكو پاڵەوانێك وەرگیراوم كە ئێستا لەگەڵ وەرزشەكەمدا خوێندنەكەشم دەكەم.
*هیچ یانەیەك داوای لێ كردووی یاری بۆبكەی؟
- چەند یانەیەك لە كوردستان و عێراق داواكارییان خستۆتە بەردەستم،بەڵام تاكو ئێستا چوونم بۆهیچ كام لەم یانانە ئاشكرا نەكردووە.
*دوا پەیڤت چییە بۆگۆڤارەكەمان؟
- زۆرسوپاسی گۆڤارە خۆشەویستەكەتان دەكەم بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە هیوادارم ئەمە دوا دیدارتان نەبێت لەگەڵ یاریزانانی گۆڕەپان ومەیدان، لێرەوە سوپاسی ڕاهێنەر مامۆستا سیروان حامید دەكەم كە ماوەی دووساڵە لەگەڵم ماندوو بووە تاكو منی گەیاندۆتە ئەو ئاستەی ئێستا خۆم لە هەڵبژاردەی عێراق دۆزیوەتەوە.
