هونەرمەندی ڕۆژئاوای كوردستان ئالین بۆ گوڵان:هونەرمەندان ڕۆڵێكی گرنگیان لە پاراستنی زمان و شوناسی كورددا هەبووە

هونەرمەندی ڕۆژئاوای كوردستان ئالین بۆ گوڵان:هونەرمەندان ڕۆڵێكی گرنگیان لە پاراستنی زمان و شوناسی كورددا هەبووە

ئالین خانمە هونەرمەندێكی كوردێكی ڕۆژئاوای كوردستانە، ساڵانێكی زۆرە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، گرنگییەكی زۆر بە لایەنی نەتەوەیی و كەلتووری دەدات و كلیپەكانی بە كوالێتییەكی بەرز و بە ستایلی سەردەمییانەن. لە دەرفەتێكدا سەبارەت بە ڕۆڵی هونەرمەندان لە پاراستنی شوناسی نەتەوەیی لە ڕێگای هونەرەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد.

*بۆچی یەكڕیزیی نەتەوەیی بە تاكە گەرەنتی بۆ مانەوەی گەلی كورد دادەنرێت؟

-بۆ نەتەوەیەكی وەك كورد كە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ نییە، یەكڕیزی تاكە ئامرازە بۆ بەرگریی بەكۆمەڵ، كاتێك گەلێك یەك دەنگ بێت تێچووی داگیركردنی لەلایەن نەیارانەوە زۆر بەرز دەبێتەوە، پەرتەوازەیی دەبێتە هۆی توانەوەی كەلتووری، بەڵام یەكڕیزی شوناسی نەتەوەیی لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەكییەكان دەپارێزێت.

*یەكڕیزیی سیاسی و سەربازی چۆن دەبێتە هۆی ناچاركردنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دانپێدانان بە مافەكاندا؟

-كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە زلهێزەكان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و سەقامگیری مامەڵە دەكەن، ئەگەر كورد یەكڕیز بێت، دەبێتە كارەكتەرێكی متمانەپێكراو، كاتێك لایەنەكان پەرتەوازە بن، جیهان وەك كێشەیەكی ناوخۆیی سەیری دەكات، بەڵام كاتێك یەكدەنگ بن، جیهان ناچار دەبێت وەك قەوارەیەكی سیاسی مامەڵەی لەگەڵدا بكات. یەكڕیزی، كورد لە پاشكۆوە دەكاتە هاوبەش.

هونەرمەندی ڕۆژئاوای كوردستان ئالین بۆ گوڵان:هونەرمەندان ڕۆڵێكی گرنگیان لە پاراستنی زمان و شوناسی كورددا هەبووە

*تا چەند یەكهەڵوێستیی لایەنە كوردییەكان دەتوانێت هاوسەنگیی هێز لە ناوچەكەدا بگۆڕێت؟

-كوردستان لە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە، یەكهەڵوێستیی كورد دەتوانێت كورد بكاتە كلیلی چارەسەری كێشە ناوچەییەكان، بەرگری لەوە دەكات كە خاكی كوردستان ببێتە گۆڕەپانی جەنگ.

*ڕۆڵی میدیا و ناوەندەكانی خوێندن چییە لە چاندنی تۆوی یەكڕیزیدا؟

-ئەمە پێی دەگوترێت بونیادنانی نەتەوەلە ڕێگەی هێزی نەرمەوە، كە بە چەند شێوازێك دەبێت، بۆ نموونە لە ناوەندەكانی خوێندن: دەبێت مێژوو و ئامانجێكی هاوبەش بخوێندرێت، میدیا دەبێت ببێتە پردێك بۆ لێك نزیككردنەوەی زاراوە و كەلتوورە جیاوازەكانی پارچەكانی كوردستان.

*ڕۆڵی هونەرمەند و ڕۆشنبیران لەم ڕووەوە چییە؟

-ڕۆشنبیران ئەندازیاری هۆشیارین و هونەرمەندان پارێزەری هەستن، هونەر دەتوانێت سنوورە دەستكردەكان ببەزێنێت و هەستی هاوبەشی نەتەوەیی بخوڵقێنێت. ڕۆشنبیر دەبێت ڕەخنەگری عەقڵانی بێت، واتە ڕێگری بكات لەوەی بەرژەوەندییە تەسكەكان ببنە هۆی تێكدانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان.

*ئایا هونەرمەندانی كورد توانیویانە ئەركی سەر شانی خۆیان لەم ڕووەوە جێبەجێ بكەن؟

-بێگومان هونەرمەندان ڕۆڵێكی بەرچاو و كاریگەریان بینیوە لە پاراستنی زمان و شوناس، بەتایبەتی لەو قۆناغانەی كە زمانی كوردی قەدەغە بوو هونەرمەندان گۆرانیبێژان و شاعیران بوونە پاسەوانی زمان، ئەوان ڕێگەیان نەدا شوناسی كوردی لەناو بچێت، هەروەها هونەر تەنیا كەرەستە بووە كە توانیویەتی لە سنوورەكان بپەڕێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی لە كاتی جەنگ و شۆڕشەكاندا سروودە نیشتمانییەكان ڕۆڵی بزوێنەری سەرەكییان هەبێت بۆ هاندانی خەڵك بۆ بەرگری.

*ئامانجە ستراتیژییەكانی دوژمنان بۆ تێكدانی پەیوەندییەكانی نێوان پارچەكانی كوردستان چین؟

-ڕێگریكردن لە دروستبوونی كوردستانێكی بەهێز كە ببێتە مەترسی بۆ سەر یەكپارچەیی خاكی ئەو دەوڵەتانەی كوردیان بەسەردا دابەشكراوە، داپڵۆسینی هەر بزووتنەوەیەكی ڕزگاریخوازی لە پارچەیەكدا بە هاوكاری پارچەكەیتر، بۆ ئەوەی دۆزی كورد هەمیشە وەك كێشەیەكی ناوخۆیی بچووك بمێنێتەوە.

*بۆچی دوژمنان لە یەكگرتوویی دەترسن؟

-دوژمنان یەكگرتوویی كورد بە زیانی خۆیان دەزانن وەكو كۆتاییهاتن بە دەستوەردانی دەرەكی، دروستبوونی هێزێكی سەربازی و ئابووریی گەورە كە ناتوانرێت بە ئاسانی تێك بشكێندرێتو وەك بەرزبوونەوەی دەنگی كورد لە ناوەندە بڕیاربەدەستەكانی جیهان سەیر دەكەن.

یەكڕیزی تەنیا دروشمێكی سۆزداری نییە، بەڵكو پێویستییەكی لۆژیكی و زانستییە بۆ مانەوە، چونكە لە سیستمی جیهانیدا، تەنیا ئەو گرووپانە دەمێننەوە كە دەتوانن وەك یەكەیەكی یەكگرتوو ڕووبەڕووی تەحەددیاتەكان ببنەوە.

Top