یانەی قەڵادزێ دەچێتە قۆناغی باشتر

یانەی قەڵادزێ دەچێتە قۆناغی باشتر

یانەی قەڵادزێ دەچێتە قۆناغی باشتر
تیپی تۆپی پێی یانەی قەڵادزێ ئەم وەرزە كە تازە میوانە لە خولی نایابی یانەكانی كوردستان دەیەوێ ئاست و ئەنجامی شایستە لە یارییەكانی خولەكە پێشكەش بكات. یانەكەش بە سەركردایەتی مامۆستا هێمن لە كۆی ئەنجامدانی 13 یاری لە خولەكە خاوەنی سێ‌ سەركەوتن و پێنج یەكسان بوون و پێنج دۆڕانە بە كۆكردنەوەی 14 خاڵ لە پلەی شەشەمی ڕیزبەندی یانەكان دێت، یاری لە دوای یاریش یانەكە بە پلانی تازە یاری دەكات بۆ ئەوەی بتوانێ‌ ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنن، دەستەی كارگێڕیی یانەكەش بۆ قۆناغی دووەمی خولەكە چەند گۆڕانكارییەكی كردوە بۆ ئەوەی بتوانێ‌ ئەنجامەكانیان باشتر بكەن. لەم بارەشەوە مامۆستا هێمن ڕاهێنەری یانەی قەڵادزێ بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: لە قۆناغی دووەم زۆرترین یاریزانمان ڕۆیشتوونە ئەویش بەهۆكاری قەیرانی دارایی و پێنەدانی مووچەكانیان، بەڵام ئێمە زیاتر لە حەوت یاریزانی تازەمان هێناوەتە ڕیزی یانەكە لەكاتێكدا دە یاریزان لە پێكهاتەكەمان نەماون.هەرچەندە ئامادەكارییەكانمان وەكو پێویست نەبووە لە قۆناغی دووەم، بەڵام لە ڕووی روحیەت و دەروونی كارمان لە سەر تیپەكە كردوە بۆ ئەوەی تیپەكە بەردەوام بێت بتوانێ‌ ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنێت، لە ڕووی جەستیەوەش دەمانەوێ یاری لە دوای یاری تیپەكە ئامادە بكەین. یاریزانەكانی ئێمە زۆر دڵسۆزن تیپەكە، بەڵام ئێمە بۆ ئەم قۆناغە 18یاریزان و سێ گۆڵپارێزمان هەیە بەهۆی قەیرانی دارایی، ڕەنگە لە یارییەكانی داهاتوو گرفتی كەمی یاریزانمان بۆ دروست بێت بەهۆكاری پێدانی كارت و پێكان، بەڵام كار دەكەین بۆ ئەوەی بتوانین تیپێكی تۆكمە ئامادە بكەین بچینە خانەكانی پێشەوەی ڕیزبەندی یانەكان.

Top