شاخەوانی و شاخڕەویی، وەك راهێنان و گەشتێكی خۆش و وزە بەخش، كە لە كوردستان چەندین ساڵە گرنگییەكی تەواوی پێ دەدرێت و دەیان گرووپی شاخەوانی هەڵكەوتوون، گەشتەكانی شاخەوانی لە هەر چوار وەرزدا ئەنجام دەدرێت، بەڵام زیاتر لە كەشی سەرماوسۆڵەدا باوتر دەبێت، چونكە بارینی بەفر و باران و دیمەنی جوانی شاخەكان وا لە شاخەوانان دەكات كە گەشتەكانیان ئەنجام بدەن، سەرەتای گەشتەكە سەر لە بەیانی دەست پێ دەكات، هەر گرووپێك زیاتر لە (50) كەسە، لە هەر گرووپێكدا پێشڕەوی گرووپ كە شارەزایە و پاشڕەو هەیە، كە ئاگاداری هەمووانە نەوەك كەسێك بەجێ بمێنی، یان شتێكی بەسەر بێت، شاخڕەوی لە كەشی سەرمادا جلوبەرگی تایبەتی پێویستە وەك: قەمسەڵەی دژە ئاو، دەستەوانە، باتووم، كڵاو و پێڵاویش مەرجی خۆی هەیە، كە پێویستە بۆ شاخەوانی بگونجێت، هاوكات ئەو جۆرە خواردانەش پێویستە كە رێژیەكی زۆر ریشاڵیان تێدایە و وزە بەخشە و شاخڕەو تینیو ناكات، وەك: هێلكە، شیر، پەتاتە، گۆشت، پەنیر، چای، ئەمە وەك خواردنی بەیانیان، نیوەڕوانیش خواردنی وەك قیمە و تشریب و تكە دەخورێت، لەگەڵ سەوزە و میوە و خواردنی وشككراو، كە زیاتر پێك دێت لە میوژ و چەرەزات. چالاكییەكانی شاخەوانییش بە رێنمایی تیمی گرووپی شاخەوانی دەدرێت بە شاخەوانان، رۆژگار خالید وەك یەكێك لە شاخەوانان دەڵێ: «شاخڕەوی هەستێكی خۆشە بۆ ئەوانەی ساغن، بۆ ئەوانەی نەخۆشن دەیانەوێت چارەسەری سرووشتی بە رێگای شاخەوانی وەربگرن، یان ئەوانەی كێشیان زۆرە بۆ كەمكردنەوەی كێش و ئاشنا بوون بە سرووشت و سنوورەكان و چیا بەرزەكانی كوردستان، زۆرترین ئەو شاخانەی باون بۆ شاخەوانی ئەوانەن كە بە ئاسانی هەموو كەسێك پێیان ناگات وەك: هەڵگورد، بێكودیان، پیرەمەگروون، هەندرێن. لەگەڵ هەر گرووپێك زانیاری و رێنمایی پزیشكی و حاڵەتی لەناكاو و نەمانی كەرەستەكان دەدرێت، ئەگەر هەر حاڵەتێكی نەخوازراو هەبێت، بە ئاگاداریی بەرپرسی پەیوەندییەكان ئاگاداری بەرگری شارستانی و پۆلیس و تیمی تەندرووستی دەكەنەوە، كە بە زووترین كات بە هەلیكۆپتەر دەگەن بە شوێنی مەبەست. ئەگەر كەسێك بیەوێت بەشداری بكات، دەبێت لە یەكێك لە گرووپەكانی شاخەوانی ئەندام بێت، كە ئەویش بە یاسا و رێنمایی لەلایەن فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستانەوە رێك خراوە، دواتر ناوی تۆمار دەكرێت و رۆژ و بەرواری كاتی شاخەوانیان پێ رادەگەیەنرێن، تا هەموو ئامادە دەبن و پاشان دەست بە گەشتە شاخەوانییەكانیان دەكەن.