بەگشتی رێژەی دروستبوونی دژەتەنەكان Antibodies پاش بەكارهێنانی ڤاكسین بەراورد بە بەساڵاچووان لە گەنجەكاندا زیاترە. گەلێك كەس سەبارەت بە ماوەی بەردەوامبوونی بەرگریی لەش، یان مانەوەی دژەتەنەكان دەپرسن، یان بە گومانن. هەندێك سەرچاوە باس لەوە دەكەن كە بەرگری، یان مانەوەی ماددە دژەتەنەكان پاش بەكارهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ ماوەی شەش مانگ تا ساڵێك بەردەوام دەبێت، هەندێك سەرچاوەش باس لە ژمارەی جیاواز دەكەن، بەڵام توێژەرانی پەیمانگەی نیشتمانیی هەستەوەری و نەخۆشییە میكرۆبییەكان NIAID لە ویلایەتی مەریلاندی ئەمریكا، جەخت لەوە دەكەنەوە كە پاش بەكارهێنانی ژەمی دووەمی ڤاكسینی كۆمپانیای مۆدێرنای Moderna ئەمریكی، سستمی بەرگریی لەش ماددە دژەتەنی بەهێز دژی كۆڤید19 دروست دەكات، كە بەلای كەم بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام دەبێت، زۆربەی سەرچاوە پزیشكییەكان جەختیان كردۆتەوە كە پاش وەرگرتنی ڤاكسین، ماددە دژەتەنەكان دروست دەبن، بەڵام بەرە بەرە بە تێپەڕبوونی كات كەم دەبنەوە و نامێنن.