هەندێک پاککەرەوەی دەست زیانبەخشن

هەندێک پاککەرەوەی دەست زیانبەخشن
لەگەڵ پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا، یەکێک لە هەنگاوە کاریگەرەکانی خۆپاراستن بریتییە لە پاک راگرتنی دەستەکان بە رێگای زوو زوو شووشتن بە ئاو و سابوون یان بەکارهێنانی پاککەرەوەکانی دەست Hand sanitizers، بەڵام بەکارهێنانی هەندێک پاککەرەوە لەوانەیە کە زیانیان لە سوودیان زیاتر بێت. بەگشتی پاککەرەوەکانی دەست 2 جۆریان هەیە: بە ئەلکهول و بێ ئەلکهول: جۆری یەکەم، ماددەیەکی ئەکهولی بە رێژەی 60-95% لەخۆدگرێت، بۆنموونە ئیتانۆل Ethanol یان ئایزۆپرۆپانۆل Isopropanol، یان ن- پرۆپانۆل n-propanol. جۆری دووەم، ماددەی بکوژی میکرۆب لەخۆدەگرێت وەکو ترایکلۆسان Triclosan یان ماددەی بێنزالکۆنیۆم BAC کە کارییگەریی راستەوخۆیان بۆ لەناوبردنی میکرۆب هەیە کە بۆ ماوەیەکی باش بەردەوام دەبێت. هەندێک جۆری پاککەرەوەی دەست ماددەی نەرمکەرەوەی وەکو گلیسرین Glycerin یان ماددەیەکی خۆشکردنی بۆن Fragrancd لەخۆدەگرن.
بەم دواییە بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکی FDA هوشداری دا لە بەکارهێنانی چەند جۆرێکی پاککەروەی دەست کە ژاراوین و زیانبەخشن بۆ تەندروستی، بەتایبەتی ئەو جۆرانەی کە رێژەیەکی بەرزی ماددەی میتانۆل لەخۆدەگرن. میتانۆل ماددەیەکی ئەلکهولی ژەهراوییە و زۆر مەترسیدارە بۆ منداڵ و ئافرەتی دووگیان، نیشانەکانی ژاراویبوون بە میتانۆل بە هەڵمژین بریتین لە: هێڵنج، هەستکردن بە ماندووبوون و بێهێزیی لەش، سەرسووڕان، تێکچوونی بینین، هەندێک جاریش لەهۆشچوون. بەرکەوتنی زیادی میتانۆل بە پێست هۆکارە بۆ وشکبوون و هەوکردنی پێست، ئەگەر میتانۆل بە رێژەیەکی دیاریکراو بگاتە کۆئەندامی هەرس و هەڵمبژرێت ئەوا لەوانەیە کە ببێتە ئەگەری کوێربوون و مردن.
رێنمایی پسپۆران بۆ بەکارهێنانی پاککەرەوەکانی دەست:
• پاککەرەوەکانی دەست هەرگیز جێگرەوە نین بۆ شووتنی دەست بە ئاو و سابوون، واتە پَویستە کە تەنیا لەوکاتانەدا بەکارهێنرێن کە ئاو و سابوون بەردەست نەبێت.
• داماڵینی هەموو بەشەکانی دەست بە پاککەرەوە بۆ ماوەی 30 چرکە تا وشکبوونی تەواوی دەستەکان.
• نووسراوەکان و پێکهاتەکان بە وردی بخوێنەوە.
• زۆربەی ئەو پاککەرەوانەی دەست کە ماددەی ئەلکهول لەخۆدەگرن، بەرواری بەسەرچوونیان Expiry date هەیە، چونکە ئەلکهول بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هەڵم، بۆیە بەکارهێنانیان پاش بەرواری بەسەرچوون هیچ سوودێکی نابێت.
• ئەو جۆرانەی پاککەرەوە هەڵبژێرە کە دژە بەکتریا و دژەڤایرۆسن و رێژەی ئەلکهول لەناویاندا لە نێوان 60-70% دایە و پێویستە کە لە شوێنێکی وشک و فێنکدا هەڵبگیرێن.
• دوورکەوە لە بەکارهێنانی ئەو جۆرە پاککەرەوانەی دەست کە رێژەیەکی بەرز لە ماددەی میتانۆل لەخۆدەگرن.
Top