مەیینی خوێن کردارێکی سروشتییە کە لەش لەکاتی برینداربووندا پیادەی دەکات، بەڵام کە مەیینی خوێن یان کۆبوونەوەی تۆپەڵی مەییوی خوێن لەناو بۆڕییەکانی خوێندا روودەدات ئەوا رێگا لە هاتووچۆی خوێن دەگرێت و مەترسی پەیدا دەکات، بۆنموونە لەکاتی پارچەبوونی تۆپەڵی مەییوی خوێن و گواستنەوەی بۆ بەشەکانی تری لەش ئەوا لەوانەیە کە ببێتە هۆی گیرانی خوێنبەر کە لەوانەیە لە یەکێک لە خوێنبەرەکانی تاجیی دڵ یان مێشک یان خوێنبەرێکی سییەکاندا رووبدات و ژیان بخاتە مەترسییەوە. پزیشکانی نیویۆرک رایانگەیاندووە کە ژمارەی ئەو گەنجانەی کە تووشی هەوکردن بە ڤایرۆسی کۆڤید 19 بووین، زۆربەیان دوچاری جەلتەی مێشک Stroke بوونەتەوە و گیانیان لەدەستداوە. هەروەها توێژەرانی هۆڵەندا ئاماژەیان بەمە کردووە کە ژمارەی حاڵەتەکانی ئاڵۆزیی بە شێوەی جەلتەی خوێن بە شێوەی نۆرەی دڵ یان جەلتەی مێشک لە تووشبووانی سەختی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەتایبەتی لە گەنجە تووشبووەکاندا زیادیکردووە بەتایبەتی ئەوانەی کە دوچاری هەوکردنی سییەکان دەبن. زانا و پزیشکان ئاماژەیان بە 2 میکانیزم کردووە کە دەبنە هۆکاری جەلتە یان مەیینی خوێن لە تووشبووان بە هەوکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، یەکەم: ئەگەری بوونی هەوکردن لە دیواری بۆڕییەکانی خوێن، دووەم: لەوانەیە کە هەوکردن بە کۆڤید19 کرداری مەیینی خوێن هان بدات کە لەوانەیە ئەمە هەنگاوێکی کاردانەوەی لەش بێت بۆ رێگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس بۆ هەموو بەشەکانی لەش.