ڤایرۆسی ھانتا چییە؟
ڤایرۆسی ھانتا Hantavirus لە لیک و میز و پاشەڕۆکانی قرتێنەرەکانی وەکو جرج و مشک بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، زۆر مەترسیدارە و ژیان بە توندی دەخاتە بەر مەترسیی مردن لە ڕێگەی تووشبوون بە پەککەوتنی کۆئەندامی ھەناسە لە ئەمریکا و پەککەوتنی گورچیلەکان لە ئەوروپا و ئاسیادا. نیشانە سەرەتاکان بۆ ماوەی ١-٥ ڕۆژ بریتین لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش و لەرز، ئازاری ماسوولکەکان، سەرئێشە، ھەستکردن بە ماندووبوون، پاشان بە خێرایی لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا دەبێتە ھۆی گرفتی سەخت لە کۆئەندامی ھەناسە بە شێوەی کۆکە، ھەناسەتەنگی، لەگەڵ ھەستکردن بە توندبوونی سینگ. ڕێگەکانی گواستنەوە بۆ مرۆڤ: ھەڵمژینی ڤایرۆس لە ڕێگەی ھەناسەوە کە لە پاشەڕۆ و لیکی قرەتێنەری تووشبووەوە دەگاتە ھەوا، بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی دەستەکان بە ڤایرۆس پاشان گەیشتنی بە دەم یان لووت یان چاو، ھەروەھا تا ڕادەیەکی کەم لە مرۆڤی تووشبووەوە بۆ مرۆڤێکیتر دەگوازرێتەوە کە تەنیا ڤایرۆسی ھانتای جۆری ئەندیز Andes virus دەگرێتەوە. تا ئێستا نە ڤاکسین نە چارەسەری تەواو بۆ ڤایرۆسی ھانتا لە بەردەستدا نییە. خۆپاراستن: داخستنی کون و کەلێنی خانووەکان، ھەڵگرتنی خۆراک لە ناو قووتوی داخراودا، ھەروەھا بەکارھێنانی ماسک و دەستکێش لەکاتی پاککردنەوەی ژوور یان کۆگاکان.
