هەرمێ Pears سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندە بە ڤیتامین C، K، چەند ڤیتامینێكی گروپی B، لەگەڵ كانزاكانی پۆتاسیۆم، كۆپەر، مەگنسیۆم، هەروەها ریشاڵ كە گرنگیی زۆری بۆ تەندروستیی كۆئەندامی هەرس هەیە، بەتایبەتی خۆپاراستن لە ئەگەری قەبزی و تووشبوون بە شێرپەنجەی كۆڵۆن. هەرمێ رۆڵی هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاستی شەكری خوێن، بۆیە لەوانەیە كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دوو تا رێژەی 18% كەم بكاتەوە، لە لێكۆڵینەوەیەكدا هاتووە كە هەفتانە خواردنی تەنیا یەك دانە هەرمێی قەبارە مامناوەند، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دوو تا رێژەی 3% كەم دەكاتەوە. هەرمێ بەتایبەتی ئەو جۆرەی كە توێكڵێكی رەنگاوڕەنگی هەیە، رێژەیەكی بەرزی ماددە دژەئۆكسانەكان لە جۆری فلاڤۆنۆیدەكان Flavonoids لەخۆدەگرێت كە ئاستی هەوكردن لە لەشدا كەم دەكاتەوە، كە هۆكارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان بەتایبەتی نەخۆشیی دڵ و شێرپەنجە و پیربوونی پێشوەختە. هەرمێیەكی مامناوەند تەنیا 100 كالۆری وزە لەخۆدەگرێت، لەگەڵ رێژەیەكی باشی ریشاڵ كە هەستی تێربوون پەیدادەكات، بۆیە رۆڵی هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كێشی لەش.