بۆ قژێكی تەندروست گەلێك ماددەی خۆراكی پێویستن، وەكو: پرۆیتین، زینك، ئاسن، چەورییە گرنگەكان بەتایبەتی ئۆمیگا3، هەروەها چەند ڤیتامینێك كە رۆڵی بەرچاویان لە پاراستنی تەندروستیی قژدا هەیە، بۆنموونە: ڤیتامین A كە هاندەرە بۆ گەشەی هەموو خانەكانی لەش و یەكێكە لە ڤیتامینە پێویستەكان بۆ گەشەی قژ، هەروەها بۆ هێشتنەوەی شێداریی پێستی سەر لە رێگای بەرهەمهێنانی چەوریی پێست Sebum رۆڵی بەرچاوی هەیە. كەمیی ڤیتامین A لە لەشدا هۆكارە بۆ هەڵوەرینی مووی دەموچاو، سەرچاوە خۆراكییەكان: شیر، ماست، هێلكە. ڤیتامین B بەتایبەتی ڤیتامین B7 كە بە بایۆتین Biotin ناسراوە و گرنگیی زۆری هەیە بۆ گەشەی قژ، بۆیە بەكاردێت بۆ چارەسەكردنی تەنكبوونی قژ، دانەوێڵەی تەواو، باوی. ڤیتامین C كە رۆڵی دژی پیربوونی قژ هەیە، چونكە هانی دروستبوونی پرۆتینی كۆلاجین دەدات كە پیربوونی قژ دوادەخات، سەرچاوە خۆراكییەكان: میوە مزرەكان، بیبەر، فەراولە. ڤیتامین D رۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لە هەڵوەرینی قژ، كەمیی ئەم ڤیتامینە راستەوخۆ پەیوەستە بە هەڵوەرینی قژەوە، بەركەوتن بە تیشكی خۆر باشترین سەرچاوەیە. ڤیتامین E، رۆڵی هەیە بۆ دواخستنی پیربوونی پێست و كەمكردنەوەی كاریگەری و فشاری تەمەن لەسەر قژ، سەرچاوە خۆراكییەكان: تۆوی گوڵەبەڕۆژە، باوی، ئاڤۆكادۆ، سپێناخ.