ئەمە روونە كە تاتوو كردن Tatooing واتە شكاندنی یەكەم هێڵی بەرگریی لەش كە پێستە، بۆیە لەوانەیە كە ریسكی تەندروستی هەبێت بەتایبەتی هەوكردن و هەستەوەری. وڵاتان مامەڵەی جیاواز و رێسای تەندروستیی جیاوازیان بەرانبەر بە تاتووكردن هەیە، بۆنموونە خاچی سوور لە ئەمریكادا كەسێك كە تاتووی كردبێت تا ماوەی یەك ساڵ لە خوێنبەخشین قەدەغە دەكرێت. هەوكردن گرفتە گەورەكەی تاتووكردنە، چونكە ئامێر و دەرزی و پێداویستەكانی تاتووكردن بەر خوێن و شلەكانی لەش دەكەون، بۆیە ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشی لە ئارادیە بەتایبەتی ئەگەر ئامێر و پێداویستەكان هەموو جارێك بەر لە بەكارهێنان بە شێوەیەكی دروست و زانستییانە پاك نەكرێنەوە یان بۆ زیاتر لە یەك كەس بەكاربهێنرێن. ئەو نەخۆشییانەی كە لەوانەیە لە رێگای تاتووكردن بگوارزێنەوە بریتین لە: ڤایرۆسی تامیسكە، (گوزاز Tetanus)، هەوكردن بە بەكتریا، هەوكردنە كەڕووییەكان، هەوكردنی ڤایرۆسیی جگەر بەتایبەتی جۆری سی C، نەخۆشیی سیل، ئایدز. ئەگەرچی سستمی بەرگریی پێست گەردیلەكانی بۆیەی تاتوو بە شانەی ریشاڵی دەوردەدات بە مەبەستی رێگرتن لە سەرهەڵدانی كاردانەوەی لەش یان هەستەوەری، بەڵام هێشتا هەستەوەری بەرانبەر بە چەند ماركەیەكی بۆیەكانی سوور یان سەوز بەدی دەكرێت. هەروەها هەستەوەری بەرانبەر بە دەستكێشی لاتێكس كە لەلایەن ستاف یان ئەنجامدەرانی تاتوو بەكاردێت حاڵەتێكی باوە. ئەو كەسانەی كە هەستیارن بە چەند جۆرە كانزایەك ئەوا لەشیان كاردانەوە بەرانبەر بە بۆیەكانی تاتوو پەیدا دەكات بە شێوەی ئاوسان و خورشت یان تكەكردنی شلەیەكی روون لە شوێنی تاتوو كە پێی دەووترێت (سیرەم Serum).