كەسی پێگەیشتوو بە تێكڕایی پێویستی بە 7-8 كاتژمێر خەو هەیە لە ماوەی شەو و رۆژێكدا، ئەمەش سەلمێنراوە كە خەوی كوالیتی بەرز رۆڵی بەرچاوی هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش. بە پێچەوانەشەوە، كەم خەوی و كوالیتی خراپی نووستن هۆكارە بۆ تێكچوونی میتابۆلیزمی لەش و زیاد و كەمبوونی كێشی لەش. 2 هۆرمۆن رۆڵی بنەڕەتییان لەم پەیوەندییەدا هەیە كە بریتین لە هۆرمۆنی گهرێلین Ghrelin و لێپتین Leptin. گهرێلین بۆ كاتی خواردن ئاگادارمان دەكاتەوە، لەگەڵ كەم نووستندا ئاستی ئەم هۆرمۆنە بەرزدەبێتەوە و هانمان دەدات بۆ خواردن. هۆرمۆنی لێپتین ئاگادارمان دەكاتەوە بۆ وەستان لە خواردن، لەكاتی كەم نووستندا ئاستی ئەم هۆرمۆنە دادەبەزێت. كەواتە ئاستی بەرزی هۆرمۆنی گهرێلین و ئاستی نزمی هۆرمۆنی لێپتین دەبنە هۆی زیادبوونی كێشی لەش، بە مانایەكی تر زیاتر دەخۆین و كرداری میتابۆلیزم لەسەرخۆدەبێتەوە. هەر لەبەر ئەمەیە كە گەلێك جار هۆكاری دانەبەزینی كێشی زیادی لەش دەگەڕێتەوە بۆ كەم خەوتن یان كوالیتی خراپی خەو. لە لایەكی ترەوە، كەم نووستن وات لێدەكات كە پاڵنەر و لیاقەی باشت نەبێت بۆ ئەنجامدانی مەشقی فیزیكی، لە ئەنجامدا كێشی لەش زیاد دەكات، ئەمەش بە دەوری خۆی دەبێتە هۆی كەم خەوی، واتە ئەلقەیەكی نەپچڕاوی بەردەوام.