مەلەكردن مەشقێكی وەرزشیی هەوایی گرنگە، رۆڵی بەرچاوی هەیە بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان، بەڵام ئەگەری تووشبوون بە گەلێك نەخۆشی لە مەلەوانگە گشتییەكاندا هەیە، وەك ئالوودەبوونی ئاوی مەلەوانگەكان بە میكرۆب كە هۆكاری سەرەكییە بۆ تووشبوون بە زۆربەی نەخۆشییەكان، سكچوون بەهۆی تووشبوون بە مشەخۆری كریپتۆسپۆریدیۆم Cryptosporidium و مشەخۆری گیاردیا «Giardia»، یان بە بەكتریای شیگێللا كە باوترین نەخۆشیی گوازراوەیە لە مەڵەوانگە گشتییەكاندا و هاوكاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش و سك ئێشە. هەروەها ڤایرۆسی نۆرۆڤایرۆس Norovirusبە خێرایی دەگوازرێتەوە و دەبێتە ئەگەری هەوكردنی گەدە و ریخۆڵە، ئازاری گەدە، هێڵنج، رشانەوە، سكچوون. هەوكردن بە بەكتریای (ئی كۆلای) كە ئەمیش حاڵەتێكی دیكە و نیشانەكانی بریتین لە سكچوونێكی توند، سك ئێشە كە بۆ ماوەی 5-10 رۆژ بەردەوام دەبێت. لەگەڵ نەخۆشییەكانی دیكەی وەك: هەوكردنی گوێی دەرەوە لەبەر مانەوەی ئاو بۆ ماوەیەكی زۆر لە كەناڵی گوێدا، كە بە شێوەی خوران لە كەناڵی گوێ، سووربوونەوە و ئازار خۆی نیشان دەدات، هەوكردنی كەلێنی پەنجەكانی پێ بە كەڕووی جیاواز، بالوكە بەتایبەتی لە پێیەكاندا، هەوكردنی پێست بە بەكتریا كە نیشانەكانی بریتین لە خوران، سووربوونەوە، ئاوسان لەگەل پەیدابوونی بڵۆق لەسەر پێستدا، سووتانەوەی لووت، خورشت وسووتانەوەی چاو، هەناسەتەنگی بەتایبەتی لەو مەلەوانگانەی كە ماددە كلۆرامینەكان Chloramines بە مەبەستی لەناوبردنی میكرۆب بۆ ئاو بەكاردێنن.