سەوزە گەڵا تاریكەكان جگەر دەپارێزن

سەوزە گەڵا تاریكەكان جگەر دەپارێزن
لە نوێترین لێكۆڵینەوەدا كە لە گۆڤاری ئەكادیمیای زانستیی نیشتمانی PNAS بڵاوكراوەتەوە، هاتووە: پێكهاتەكانی سەوزە گەڵا تاریكەكان رۆڵیان هەیە بۆ خۆپاراستن لە كۆبوونەوەی چەوریی نائەلكهولی لە جگەردا. ئەم حاڵەتە باوترین هۆكارە بۆ نەخۆشیی درێژخایەنی جگەر، بەتایبەتی لە وڵاتانی رۆژئاوادا. فاكتەرە هاندەرەكانی تووشبوون بە كۆبوونەوەی چەوریی نائەلكهولی لە جگەردا، بریتین لە: كێشی زیاد، یان قەڵەوی لەگەڵ گرفتەكانی پەیوەست بە میتابۆلیزم، كە بریتییە لە كرداری گۆڕینی خۆراك بۆ وزە، نەخۆشییەكە لەوانەیە كە پەرەبسەنێت بۆ بەڕیشاڵبوون، یان مۆمبوونی جگەر Cirrhosis كە لەوانەیە ببێتە هۆی پەككەوتنی جگەر، لەوانەشە ئەگەری شێرپەنجەی جگەری لێ بكەوێتەوە، بەڵام بە چەند هەنگاوێك دەكرێت، كە رێژەی چەوری لە جگەردا كەم بكرێتەوە و مەترسیی حاڵەتەكە دووربخرێتەوە. یەكێك لەم هەنگاوانە بریتییە لە: زیاد خواردنی سەوزە و میوە لەگەڵ كەمكردنەوەی (شەكر، سۆدا، شیرینی، برنج، نان، هەویركارییەكان، گۆشتی سوور). لە توێژینەوەیەكی نوێی زانایانی سویدی هاتووە، كە ئاوێتەی نایترەیتی نائۆرگانیكی Inorganicnitrate كە بە شێوەیەكی سرووشتی لە سەوزە گەڵا تاریكەكاندا هەیە، ئەگەری كۆبوونەوەی چەوری لە جگەردا كەم دەكاتەوە. رۆژانە خواردنی تەنیا 200 گرام لە سەوزە گەڵا تاریكەكان ئەم ئامانجە دەپێكێت.
Top