كەمیی ڤیتامین B12 ئەگەری جەڵتەی میشك بەرز دەكاتەوە
ڤیتامین B12 كە بە كۆبالامین Cobalamin ناسراوە، زۆر گرنگە بۆ دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن و DNA و تەندروستیی كۆئەندامی دەمار. كەمیی ڤیتامین B12 جگە لە تووشبوون بە جۆرێكی كەمخوێنی و گرفت لە كۆئەندامی دەماردا، هاندەرە بۆ تووشبوون بە جەڵتەی مێشك. كەمیی ڤیتامین B12 هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ماددەی هۆمۆسیستین Homocysteine كە ترشە ئەمینێكە لە خوێندا و ڕۆڵی گرنگی لە كرداری میتابۆلیزمدا هەیە، بەڵام ڕێژەی بەرزتر لە ئاسایی كە بریتییە لە 5-15 میللیمۆل لە هەر لیترێكی خوێندا، دەبێتە هۆی هەوكردن و تێكدانی ناوپۆشی خوێنبەرەكان لەگەڵ بەرزبوونەوەی فشاری ئۆكسان و دروستبوونی تۆپەڵی مەییو لە خوێندا، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و جەڵتەی مێشك بەرز دەكاتەوە. جگە لە كەمیی ڤیتامین B12، هۆكارەكانیتری بەرزبوونەوەی ئاستی هۆمۆسیستین لە خوێندا بریتین لە: نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە، بۆماوە، سستبوونی گلاندی دەرەقی، هەروەها جگەرەكێشان.
