فاكتەرە هاندەر یان ریسك Risk factors وەكو بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشی شەكرە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆل لە خوێندا بەتایبەتی لە تەمەنی 40 ساڵ و بەسەرەوەدا رۆڵیان هەیە لە زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و بۆڕییەكانی خوێندا، بۆ نموونە نەخۆشی خوێنبەرەكانی دڵ یان رەقبوونی خوێنبەرەكان، نۆرەی دڵ، جەلتەی مێشك، هەروەها نەخۆشی گورچیلە. پاش ئەوەی كە بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆل و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لە تەمەنی گەنجێتی و بچووكتریش تۆماركرا، هەموو پسپۆڕانی تەندروستی جەخت لە هەنگاوەكانی خۆپاراستن دەكەنەوە بە درێژایی تەمەن. لە گەنجەكاندا، پێویستە كە گرنگی زۆر بدرێت بە هەنگاوەكانی خۆپاراستن لە فاكتەرە هاندەرەكانی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان. ئەمەش سەلمێنراوە كە خۆپاراستن لە فاكتەرەكانی هاندەر لە تەمەنی بچووك و گەنجیدا، چانسی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و جەلتە بە شێوەیەكی بەرچاو لە تەمەنی دواتردا كەم دەكاتەوە. رێگاكانی خۆپاراستن لە هەر تەمەنێدا بریتین لە: كۆنترۆلكردنی كێشی لەش و خۆپاراستن لە قەڵەوی، پەیڕەوكردنی خۆراكێكی هاوسەنگ و تەندروستییانە، ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی رۆژانە، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان و ئەلكهول.