ناڕێكیی لێدانەكانی دڵ بەتایبەتی لەرەی گوێچكەلەی دڵ Atrial fibrillation لەوانەیە كە ببێتە هۆی گرفتی تەندروستی گەورە و مەترسیداری وەكو: نۆرەی دڵ، پەككەوتنی دڵ، جەلتەی مێشك، نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە،هەروەها مردنی كتوپڕی دڵ.لێرەدا، دوو گوێچكەلەی دڵ بە شێوەیەكی ناڕێك گرژدەبنەوە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ سكۆڵەكاندا. نۆرەی لەرەی گوێچكەلە لەوانەیە كە بێت و بڕوات یان لەوانەیە كە بەردەوام بێت، لێرەداپێویستی بە چارەسەرێكی خێرا وكتوپڕەوە هەیە، چونكە لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری گرفتی تەندروستی وەكو دروستبوونی تۆپەڵی خوێنی مەییو لەناو دڵدا و بۆ بەشەكانی تری لەش و ئەندامەكان بگوازرێتەوە و ببێتە هۆی گیرانی لێشاوی خوێن. گرنگترین هۆكارەكانی ناڕێكیی لێدانەكانی دڵ ئەمانەن: بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نۆرەی دڵ، نەخۆشی خوێنبەرەكانی دڵ CHD، گرفت لە زمانەكانی دڵ، گرفتی زگماكیی دڵ، زیادبوونی چاڵاكیی گلاندی دەرەقی، جگەرەكێشان، نەخۆشیی سییەكان، نەشتەرگەریی رابردووی دڵ، هەوكردنە ڤایرۆسییەكان، هەناسەتەنگی لەكاتی نووستندا. لەرەی گوێچكەڵە لەوانەیە كە بێ نیشانە بێت و تووشبوو دركی پێنەكات، نیشانەكان بریتین لە: دڵەكوتێ، هەناسەتەنگی، بێهێزی گشتی، كەمبوونەوەی توانا بۆ مەشقكی فیزیكی، هەستكردن بە ماندووبوون، هەستكردن بە سووكبوونی سەر Lightheadedness، سەرسووڕان، شێوان، سینگ ئێشە.ناڕێكیی لێدانەكانی دڵ چارەسەردەكرێت بە دەرمان یان رێگای تر بۆ رێكخستنەوەی سیستمی كارەبایی دڵ.