ئەمە راستییەكی پزیشكییە كە كێشی زیاد تەنیا بە ریجیمی خۆراك و ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی بە چاودێری دكتۆر دادەبەزێت. سستبوونی گلاندی دەرەقی Hypothyroidism واتە كەمبوونی ئاستی هۆرمۆنەكانی ئەم گلاندە كە دەبێتە هۆی كزبوونی كرداری میتابۆلیزم، واتە بەگشتی لەش وزە بە شێوەی چەوری خەزن دەكات و بڕێكی كەمتری وزە سەرف دەكات، دەرەنجام كێشی لەش زیاد دەكات. ئەگەر پاش پەیڕەوكردنی بەرنامەیەكی دروستی ریجیم و مەشقی فیزیكی لەژێر رێنمایی دكتۆردا بۆ ماوەی زیاتر لە یەك مانگ هیچ كێشی لەشت دانەبەزی، ئەوا پێویستە كە دڵنیابیت لەوەی كە گرفت لە گلاندی دەرەقی و هۆرمۆنەكانی لەشدا نییە، ئەمەش بە پشكنینی خوێن دەستنیشان دەكرێت.