لە توێژینەوەكاندا هاتووە كە نەوەی ئێستای زانكۆ لە ریسكێكی زیاتری تووشبوون بە خەمۆكی Depression و پەستیدایە بە بەراورد لەگەڵ قوتابیانی ساڵانی رابردوو. كەم نووستن، گرفت لە خواردندا، دووركەوتنەوە لە چاڵاكیی وەرزشی، نیشانەی خەمۆكین لە قوتابیانی زانكۆدا. سترێسی خوێندن، فشار بۆ بەدەستهێنانی ئاست و نمرەی بەرز، نیگەرانییەكانی پەیوەست بە لایەنی ماددی، گرفت لە پەیوەندییەكاندا، گرفت لەگەڵ بەشداربووانی ژوور لە بەشە ناوخۆییەكاندا، ئەمانە بەسن بۆ ئەوەی كە فشار بخەنە سەر هەندێك قوتابی تاكو دوچاری خەمۆكی بن و لە هەندێك حاڵەتیشدا واز لە زانكۆ بێنن، لەوانەشە كار بگاتە خۆلەناوبردن. هەروەها گرفتی خۆشەویستیی گەنج بەتایبەتی كە لە قوتابیانی ئافرەتدا بەدی دەكرێت، رێگا بۆ خەمۆكی خۆش دەكات. كۆلێژ ژینگەیەكی پڕ لە سترێسە بۆ زۆربەی قوتابییە گەنجەكان، بۆیە ئەمە زۆر گرنگە كە دایك و باوك، هاوڕێكان، هەروەها كارگێری كۆلێژ بەشداربن لە بەدواداچوون بۆ هەر قوتابییەك كە گومانی تووشبوونی بە خەمۆكی لێبكرێت. قوتابیانی زانكۆ خۆیان گەلێك جار داوای یارمەتی ناكەن لەبەر هەڵوێست و باكگراوندی كۆمەڵ سەبارت بە خەمۆكی. باشترین چارەسەر بۆ قوتابیانی زانكۆی تووشبوو بە خەمۆكی بریتییە لە بەكارهێنانی چەند دەرمانێكی دژەخەمۆكی Antidepressants لەگەڵ چارەسەری دەروونی Psychotherapy، هەروەها جەخت لەسەر ئەمەش كراوەتەوە كە خۆراكی هاوسەنگ، پشوودانی دروست، لەگەڵ ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی سوودی زۆری هەیە بۆ سووككردنی خەمۆكی لە قوتابیانی زانكۆدا.