دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان

دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان
لە دووگیانی ئاساییدا، هێلكۆكەی پیتێنراو لە ناوپۆشی منداڵداندا جێگیر دەبێت و گەشە دەكات. هەندێك جار هێلكەی پیتێنراو لە شوێنێك لە دەرەوەی منداڵداندا جێگیر دەبێت بەتایبەتی لەناو لوولەی منداڵدان (لوولەی فالوپ Fallopian tube) كە رێژەكەی دەگاتە نزیكەی 98%ی حاڵەتەكان، بەمەش دەووترێت دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان Ectopic pregnancy. دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان روودەدات لەبەر هەر هۆكارێك كە كاریگەری نێگەتیڤ بكاتە سەر لوولەكانی فالوپ وەكو هەوكردن یان نەشتەرگەری، هەروەها جگەرەكێشان كە دەبێتە هۆی گرفت لە جووڵەی هێلكۆكە لەناو لوولەی فالوپدا. نیشانەكان بەگشتی لە نێوان هەفتەی 6- 10 پاش وەستانی سووڕی مانگانەدا سەرهەڵدەدەن كە بریتین لە: بینینی خوێن لە رێگای زێ لەگەڵ ئازار لە بەشی خوارەوەی سك، یان ناوچەی حەوزدا، هەندێك ئافرەت بێ نیشانەن تا كاتی تەقینی لوولەی منداڵدان. هاوكات لەگەڵ نیشانەكان، دووگیانی دەرەوەی منداڵدان بە پشكنینی خوێن و سۆنار دەستنیشان دەكرێت. دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان لەوانەیە كە مەترسیدار بێت پاش ئەوەی كە كۆرپە گەشە دەكات و دەبێتە هۆی تەقینی لوولەی فالوپ و خوێنبەربوونێكی زۆری ناوەوە كە لەوانەیە كوشندە بێت ئەگەر زوو چارەسەرنەكرێت. چارەسەركردن راستەوخۆ پاش دەستنیشانكردن بەر لە تەقینی لوولەی فالوپ بە دەرمان دەستپێدەكرێت، هەندێك جاریش نەشتەرگەری.
Top