چۆن تەندروستیی چاوەكانت دەپارێزیت

چۆن تەندروستیی چاوەكانت دەپارێزیت
لە ئامارەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی هاتووە كە نزیكەی 180 ملیۆن كەس لە جیهاندا گرفتی چاویان هەیە و زیاتر لە 40 – 45 ملیۆن كەس دوچاری كوێربوون بوون، جەخت لەمەش كراوەتەوە كە دەكرا رێگا لە 80%ی حاڵەتەكانی كوێربوون بگیرێت، لێرەدا گرنگیدان بە تەندروستیی چاو دێتە پێشەوە كە خۆی لە 7 خاڵ دەبینێتەوە: یەكەم، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان كە هۆكارە بۆ تووشبوون بە ئاوی سپی، وشكبوونی چاو و تێكچوونی دەماری بینین. دووەم، كۆنترۆلكردنی پەستانی خوێن و ئاستی شەكری خوێن، لەوكاتەی كە پەستانی بەرزی كۆنترۆل نەكراو كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر تۆڕەی چاو، هەروەها نەخۆشی شەكرە هۆكارێكی بەهێزە بۆ ئاوی سپی و ئاوی رەش و كوێربوون. سێیەم، گرنگیدان بە خۆراكی هاوسەنگ بەتایبەتی خۆراكی دەوڵەمەند بە ڤیتامین A و ماددە دژەئۆكسانەكان وەكو سەوزە و میوەی جۆراوجۆر. چوارەم، پاراستنی چاو لە تیشكی خۆر بە بەكارهێنانی چاویلكەی هەتاوی، چونكە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی هۆكارە بۆ تووشبوون بە ئاوی سپی و گرفت لە تۆڕەی چاودا. پێنجەم، پاراستنی چاو لەكاتی كار و پیشە و وەرزشدا بە چاویلكەی تایبەت، بۆ نموونە لەكاتی لەحیمكردن، ئاسنگەری، دارتاشی، تێنس، مەلە، لێخوڕینی ماتۆرسیكل..تاد. شەشەم، هەنگاوەكانی پاراستنی چاو لەكاتی بەكارهێنانی كۆمپپوتەر پەیڕەو بكە. حەفتەم، هەر 1- 2 ساڵ جارێك بۆ بەسەركردنەوەی تەندروستیی چاوەكانت سەردانی دكتۆری پسپۆر بكە.
Top