بەشەكانی زمان تایبەتمەندیان هەیە لە چێژكردندا، بۆ نموونە بەشی پێشەوە یان سەری زمان تایبەتمەندە بە چێژی شیرین، تەنیشتەكانی پێشەوە بە چێژی خوێ و سوێر، تەنیشتەكانی پشتەوە بە چێژی ترش، بەشی پشتەوەش بە چێژی تاڵ. نزیكەی 15%ی خەڵك جۆرێك گرفتیان لە هەستی بۆن یان چێژكردندا هەیە و بە دوای چارەسەردا ناگەڕێن.كەمبوونەوە یان نەمانی هەستی چێژكردن Loss of taste لەوانەیە كە سووك یان توند، كاتی یان هەمیشەیی بێت. بەگشتی كەمبوونی یان لەدەستدانی هەستی چێژكردن هاوكاتە لەگەڵ كەمبوونەوەی یان نەمانی هەست بۆنكردندا. لەگەڵ بەتەمەنداچووندا چرۆكانی چێژكردن Taste buds كەم دەبنەوە بەتایبەتی لە تەمەنی 70 ساڵ و بەسەرەوەدا. جگە لە بەساڵاچوون، هۆكارەكانی تری كەمبوونەوەی هەستی چێژ بریتین لە: هەوكردنی بەشی سەرەوەی كۆئەندامی هەناسە، هەوكردنی درێژخایەنی گوێی ناوەڕاست، هەوكردنی شانەكانی زمان Glossitis كە زیاتر لەبەر كەمی كانزای ئاسن و ڤیتامین B12 روودەدات، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان، پاش نەشتەرگەری لابردنی لەوزەكان، ئیفلیجبوونی دەماری دەموچاو (دەماری هەفتەم)، زەبر بۆ ناوچەی سەر و مل، شێرپەنجە بەتایبەتی شێرپەنجەی بۆشایی دەم و چارەسەری كیمیایی كە زیانی زۆر بە گلاندەكانی لیك دەگەیەنێت، گرفتەكانی كۆئەندامی هەرس وەكو گەڕانەوەی ترشەلۆكی گەدە بۆ بەشی خوارەوەی سورێنچك یان هەوكردنی گەدە و ریخۆڵە، نەخۆشی پاركیسنۆن، نەخۆشی ئەلزهایمەر، نەخۆشی شەكرە، هەوكردنی پووك، جگەرەكێشان، نەخۆشی گورچیلە بەتایبەتی لەكاركەوتنی گورچیلە، سستبوونی گلاندی دەرەقی، كەمی كانزای زینك لە لەشدا، كەمی ڤیتامین B3.