بەردی زراو Gallstones پێكهاتووی كریستالین لەناو كیسی زراو یان لە نزیك جۆگەی زراودا دروست دەبن، بەڵام زۆربەیان لەناو كیسی زراودا بە شێوەی هەرمێیەكی بچووك بەدی دەكرێن. كۆلیستیرۆل كەرەستەی سەرەكییە بۆ بەردی زراو، ئەگەرچی هەندێك جار بەردی زراو لە خوێیەكانی كالسیۆم و بۆیەكانی زراو Bile pigments دروست دەبن. كۆلیستیرۆل پێكهاتەیەكی سروشتی شلەی زەرداوە، بە شێوەیەكی تواوە لەناو زەرداودا دەمێنێتەوە. كریستالەكان لەناو كیسی زراودا بە ماددەی لینج دەوردەدرێن و بەرە بەرە گەشەدەكەن، قەبارەیان لەوانەیە تەنیا بەقەد وردە زیخ بێت، لەوانەشە قەبارەیان بگاتە قەبارەی تۆپی گۆلف. بەردی زراو زیاتر دوچاری ئافرەت دەبێت، چونكە هۆرمۆنی مێیینە(ئیسترۆجین) رێژەی كۆلیستیرۆل لەناو شلەی زەرداودا زیاد دەكات. بەكارهێنانی حەبی مەنع یان چارەسەری هۆرمۆنی جێگرەوە HRT، دووگیانی هەموویان دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین و ئەگەری دروستبوونی بەردی زراو. پاش وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانە Menopause، ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین دادەبەزێت، بۆیە ئەگەری تووشبوون بە بەردی زراو بەرز دەبێتەوە. ئەگەری پەیدابوونی بەردی زراو لەگەڵ بەتەمەنداچووندا زیاد دەبێت، بۆ نموونە 25-30% ی ئافرەتان لە تەمەنی 70 ساڵیدا تووشی دەبن، كەچی لەم تەمەنەدا تەنیا 10-15%ی پیاوان تووشی دەبن.