نەخۆشی ئەلزهایمەر Alzheimer>s disease نەخۆشییەكی پەرەسەندووی مێشكە كە دەبێتە هۆی كزبووونی تواناكانی مێشك بەتایبەتی یاد و بیرهاتنەوە، لەگەڵ گۆڕان لە كەسێتیدا، گرفت لە زانینی شوێن و كات، گرفت لە قسەكردندا، گۆڕان لە مەزاج و هەڵسوكەوتدا. بە رای گەلێك لە زانایانی مێشك كۆئەندامی دەمار، نەخۆشی ئەلزهایمەر لە ئەنجامی كۆبوونەوەی پرۆتینێكی تایبەت بە ناوی بیتا ئەمیلۆید Beta amyloid لە مێشكدا پەیدا دەبێت، ئەم پرۆتینە دەبێتە هۆی مردنی دەمارەخانەكان. پاش تەمەنی 70 ساڵی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزهایمەر زیاد دەبێت، هەروەها پاش تەمەنی 85 ساڵی ئەگەری تووشبوون دەگاتە نزیكەی 50%. نەخۆشی ئەلزهایمەر هەرگیز بەشێك نییە لە كرداری ئاسایی پیربوون و هەرگیز مەرج نییە كە هەموو كەسێكی پیر تووشی بێت، بۆ نموونە كەسانێك هەن تەمەنیان لە 100 ساڵ رەتیكردووە و تووشی ئەلزهایمەر نەبوون. هۆكاری تووشبوون بە ئەلزهایمەر تا ئێستا نەزانراوە، بەڵام ئەو هۆكارانەی كە ئەگەری تووشبوون زیاد دەكەن ئەمانەن: بەساڵاچوون، جینی ئەپۆ لایپۆپرۆتینی E2 و E3 و E4، زەبری دەرەكی بۆ ناوچەی سەر لە تەمەنی زوودا، لەوانەیە كە هۆرمۆنی مێیینە یان ئیسترۆجین Estrogen رۆڵی هەبێ لە تووشبووندا بۆیە نەخۆشی ئەلزهایمەر زیاتر دوچاری ئافرەت دەبێتەوە بە بەراورد لەگەڵ پیاودا. هەروەها لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە لەوانەیە ئاستی نزمی فێربوون و رۆشنبیری یان كەم خوێندن رۆڵی هەبێت لە زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزهایمەر.