خواردن و خواردنەوە بە دانیشتن دروستتر و باشترە لەوەی كە بە راوەستان بێت. بە دانیشتن خواردن و خواردنەوە بە نەرمی و لەسەرخۆ دەگاتە سەر دیواری ناوپۆشی گەدە، بەڵام لەكاتی وەستاندا شلە بە گوڕ لە قووڵایی گەدە دەدات، دووبارەبوونەوەی ئەمەش بە تێپەڕبوونی كات دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی یان سستبوونی گەدە و قورسبوونی كرداری هەرسكردنی خۆراك. لەكاتی وەستاندا دەزگای پاراستنی هاوسەنگیی لەش لە مێشكدا ئاكتیڤ و لەكاردا دەبێت بۆ كۆنترۆلكردنی هەموو ماسوڵكەكانی لەش بۆ هێشتنەوەی وەستانێكی تەواو لەگەڵ هاوسەنگی بەشەكانی تری لەش بەیەكەوە، ئەمەش كردارێكی چەندی بڵێی ورد و ئاڵۆزە و چەندین دەمار و ماسوڵكە لە یەك كاتدا تێیدا بەشدارن، لێرەدا مرۆڤ ناتوانێت بە تەواوی خاوبوونەوە و ئارامییەوە خۆراك بخوات و شلە بخواتەوە كە مەسەلەیەكی گرنگ و پێویستە. تەنیا لە پۆزیشنی دانیشتنەوە ئەم ئارامییە دێتە دی و دەزگای ماسوولكە و دەمارەكان لە حاڵەتی خاوبوونەوەدا دەبن و توانای كۆئەندامی هەرسیش بۆ وەرگرتنی خواردن و خواردنەوە و تێربوون باشتر دەبێت. هەروەها خواردن و خواردنەوە بە وەستان لەوانەیە ببێتە ئەگەری چەند كاردانەوەیەكی دەماری كە هەندێك جار دەبێتە ئەگەری هێدمەی دەماری Neurogenic shock، ناوپۆشی گەدەش لەوانەیە زیانی پێبگات یان تووشی كولبوون دەبێت، لەمەش پتر هەندێك جار كرداری هێشتنەوەی هاوسەنگی لەش لەكاتی خواردن و خواردنەوە بە وەستان لەوانەیە ببێتە هۆی گرژبوونی سوورێنچك كە ئازارێكی توند لە بەشی سەرەوەی سكدا پەیدا دەكات.