هەر چەند رێژەی كۆلیستیرۆل بەرزتر بێت، هێندە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و خوێنبەرەكان زیاتر دەبێت. كۆلیستیرۆلی لەش بە دوو رێگا پەیدا دەبێت: بەشێك جگەر دروستیدەكات، بەشەكەی تر لە خۆراكەوە دێت، بۆ نموونە هێلكە، گۆشت، شیر و بەرهەمەكانی. لەوكاتەی كە ئاستی كۆلیستیرۆل لە پێویستی لەش زیاتر بێت، ئەوا لەناو دیواری خوێنبەرەكاندا جێگیردەبێت و گرفتی تەندروستی پەیدادەكات. تۆپەڵێكی كۆلیستیرۆلی رەق دەبێتە هۆی تەسكبوونەوەی خوێنبەر یان گیرانی تەواوی خوێنبەر كە خۆی بە شێوەی نۆرەی دڵ یان جەڵتە پیشان دەدات. راستیدا ئاستی بەرزی كۆلیسیترۆل هیچ نیشانەیەك لەخۆناگرێت، بەڵام لەوانەیە كە لە هەر ساتێكدا ببێتە ئەگەری رەقبوونی خوێنبەر Atherosclerosis لە هەر بەشێكی لە لەشدا. ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆل دەبێتە ئەگەری نۆرەی دڵ، بەوەی كە لە ناوپۆشی خوێنبەرەكانی تاجی دڵدا دەنیشێت و دەبێتە هۆی تەسكبوونەوەی یان گیرانیان، واتە كەمبوونەوەی یان نەگەیشتنی ئۆكسجین و خۆراك بە ماسوولكەی دڵ یان نۆرەی دڵ كە لەوانەیە كوشندە بێت. ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆل دەبێتە ئەگەری جەڵتەی مێشك، كەمبوونەوەی گەیشتنی خوێن واتە ئۆكسجین بۆ شانەكانی مێشك، گیرانی خوێنبەریش دەبێتە هۆی بڕانی یەكجارەكی ئۆكسجین لە خانەكانی مێشك واتە جەڵتە كە گەلێك جار كوشندەیە. پێویستە كە ئاستی چەورییەكانی خوێن بەم شێوەیە بێت: ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ LDL كەمتر بێت لە 100 ملگم لە هەر دێسیلیترێكی خوێن و بۆ تووشبووان بە نەخۆشی دڵ كەمتر بێت لە 70 ملگم لە هەر دێسلیترێكی خوێندا. ئاستی كۆلیستیرۆلی باش زێتر بێت لە 60 ملگم لە دێسیلیترێكی خوێندا، ئاستی گلیسریدە سیانییەكان كەمتر بێت لە 150 ملگم لە دێسیلیترێكی خوێندا.