بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن Hypertension نەخۆشییەكی درێژخایەنە، تا ئێستا چارەسەرێكی یەكجارەكی بۆ نەدۆزراوەتەوە. ئەم نەخۆشییە بە بكوژی بێدەنگ ناسراوە چونكە ئەگەر بە باشی كۆنترۆل نەكرێت ئەوا لەوانەیە كە لە پڕێكەوە بە بێ هیچ ئەلارمێك ئاڵۆزی پەیدا بكات و ژیان بە توندی بخاتە مەترسییەوە. بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن فشاری زیاد دەخاتە سەر دیواری خوێنبەرەكان، دەرەنجام زیان بە خوێنبەرەكان و ئەندامەكانی لەش دەگات. هەرچەند پەستانی خوێن بەرزتر بێت و درێژە بكێشێت، هێندە زیانی پتر پەیدا دەكات. ئاڵۆزییەكانی پەستانی بەرزی كۆنترۆلنەكراو بریتین لە: رەقبوونی خوێنبەرەكان Atherosclerosis كە دەبێتە هۆی نۆرەی دڵ ئەگەر لە خوێنبەرەكانی تاجی دڵدا رووبدات، هەروەها دەبێتە هۆی جەڵتەی مێشك ئەگەر لە خوێنبەرەكانی مێشكدا رووبدات، لاوازبوون و فراوانبوون یان بۆقكردنی بۆڕییەكانی خوێن Aneurysm كە لەوانەیە بتەقێت و مەترسی بخاتە سەر ژیان، پەككەوتنی دڵ Heart failure، تێكچوونی فرمانی گورچیلەكان لەبەر لاوازبوون و تەسكبوونەوەی بۆڕییە خوێنەكانی گورچیلە، ئەستووربوون و تەسكبوونەوەی بۆڕییە خوێنەكانی چاو كە لەوانەیە ببێتە ئەگەری لەدەستدانی بینین، كەمبوونەوەی توانای بیركردنەوە و بیرهاتنەوە و فێربوون.