سەرسووڕان Dizziness لەو كاتەدا روودەدات كە بڕێكی تەواو و پێویستی خوێن نەگاتە مێشك كە زیاتر لەو كاتەدا روودەدات كە پەستانی خوێن بە شێوەیەكی كتوپڕ دادەبەزێت یان كە شلەی لەش كەم دەبێتەوە لەبەر سكچوون و رشانەوە یان بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش یانیش خوێنبەربوونێكی زۆر. گەلێك جار بەساڵاچوون هۆكارە بۆ سەرسووڕان لەكاتی هەڵسانەوەیەكی لەناكاودا. هۆكارەكەكانی دیكەی سەرسووڕان بریتین لە: هەڵامەت یان ئەنفلوەنزا، دابەزینی ئاستی شەكری خوێن، هەستەوەری، پەستی و ترس، جەلتەی مێشك، پەركەم، بوونی گرێ لە مێشكدا، نەخۆشی دڵ بە شێوەی نۆرەی دڵ یان تێكچوونی ریتمی لێدانەكانی دڵ، دابەزینێكی سەختی پەستانی خوێن یان هێدمە Shock، لەم حاڵەتانەدا جگە لە سەرسووڕان نیشانەی دیكەش لە نەخۆشدا بەدی دەكرێن وەكو: سینگ ئێشە، دڵەكوتێ، تێكچوون لە بینین و قسەكردندا. گرفت لە گوێی ناوەڕاستدا دەبێتە هۆی سەرسووڕان لەكاتی جوولاندنەوەی سەردا،جا هەوكردنێكی ڤایرۆسی یان نەخۆشی مینیرز Meniere's كە دەبێتە ئەگەری سەرسووڕان و تێكچوونی بالانسی لەش و دەهەستكردن بە زرینگە لە گوێیەكاندا.