بەهای خۆراكی شیری سۆیا

بەهای خۆراكی شیری سۆیا
شیری سۆیا Soy milk لە لایەنی خۆراكییەوە وەكو شیری چێڵ وایە لەگەڵ چەند جیاوازییەكی كەم. شیری سۆیا لەوانەیە كە ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن و پەستانی خوێن دابەزێ نێت، لەوانەشە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ كەم كاتەوە، هەروەها ئێسك بەهێزدەكات بەوەی كە چڕی كانزایەكان لەناو ئێسكدا زیاتر دەكات. شیری سۆیا ماددە ئایزۆفلاڤۆنەكان Isoflavones لەخۆدەگرێت كە نیشانەكانی پاش وەستانی یەكجارەكی عادە Menopause لە ئافرەتدا بەتایبەتی ئارەقەی شەوانە و تەزووە گەرمەكان Hot flashes كە ئافرەت زۆر ناڕحەت دەكەن سووك دەكات. ئەگەرچی رۆژانە خواردنەوەی شیری سۆیا سوودی هەیە، بەڵام چەند لایەنێكی نێگەتیڤیشی هەیە، بۆ نموونە لەوانەیە كە ماددە فایتۆئیسترۆجینەكانی Phytoestrogens ناو شیری سۆیا دژی گلاندی دەرەقی كاربكەن و ببنە هۆی كزبوونی گلاندەكە Hypothyroidism، بۆیە پێویستە كە تووشبووان بە كزبوونی گلاندی دەرەقی یان ئەوانەی كە دەرمان بۆ هەر گرفتێكی گلاندەكە وەردەگرن هەرگیز بەبێ ئاگاداری دكتۆر شیری سۆیا نەخۆنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا كە شیری سۆیا شەكری لاكتۆز لەخۆناگرێت، بەڵام هێشتا هەندێك كەس بە شیری سۆیا دوچاری گرفت لە هەرسكردنی دەبنەوە بە شێوەی ئازار و ئاوسانی سك و كۆبوونەوەی گاز.
Top