ئەمە دەیان ساڵە كە كرداری هایدرۆجینكردن Hydrogenation بۆ زەیتی رووەكی ئەنجام دەدرێت بە مەبەستی درێژكردنەوەی ماوەی خۆڕاگری. هایدرۆجینكردن واتە گۆڕینی پێكهاتەی كیمیایی ترشە چەورییەكان بە تێپەڕاندنی گازی هایدرۆجین لە ژێر فشارێكی بەرز بەناو زەیتدا، هەر چەند زەیت زیاتر بە هایدرۆجین بكرێت هێندە رەقتر بێت، ئەمەش جگە لە خۆڕاگری، پلەی گەرمی توانەوەش بەرزتر دەكاتەوە، بۆیە بۆ هەویركاری و سووركردنەوەی خۆراك بەكاردێت. ئەم كردارە زەیتی تەندروستییانە دەگۆڕێت بۆ جۆرێكی نوێی ترشە چەوری كە بە چەوری نێوەند Trans fat ناسراوە. لە هەندێك جۆری كەرەی دەستكرد یان مارگەرین Margarine رێژەی چەورییە نێوەندەكان دەگاتە نزیكەی 50% ی كۆی چەورییەكانی ناو كەرەی دەستكرد. چەورییە نێوەندەكان ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپHDL بەرزدەكەنەوە و ئاستی كۆلیستیرۆلی باش HDL دادەبەزێنن، ئەمەش مانای ئەوەی كە چەوری هایدرۆجینكراو Hydrogenated Oil لە چەورییە تێرەكان خراپترن بۆ تەندروستی، هەروەها لەبەر ئەوەی كە كۆئەندامی هەرس ناتوانێت مامەڵەیان لەگەڵدا بكات، ئەم چەورییانە لە لەشدا كۆدەبنەوە و كێشی لەش زیاد دەكەن. پسپۆران لە ساڵەكانی نەوەدەكان گەیشتنە ئەوەی كە زەیتی هایدرۆجینكراو كاریگەری نێگەتیڤی بۆ تەندروستی هەیە، هەروەها بە گوێرەی چەندین لێكۆڵینەوە، بەكارهێنانی زەیتی هایدرۆجینكراو پەیوەندی هەیە بە تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە و نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ و قەڵەوی.