لاوازيی سێكسی پیاو ED هۆكاری جەستەیی و دەروونی هەیە، هۆكاری نزیكەی 85%ی حاڵەتەكان فیزیكییە بەتایبەتی لەپاش تەمەنی 40 ساڵیدا كە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی لێشاوی خوێن بۆ ناوچەی زاوزێ. هۆكارەكان لە كۆئەندامی دڵ و سووڕان بریتین لە: بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆل لە خوێندا، رەقبوونی خوێنبەرەكان، نەخۆشيی دڵ. هۆكارەكان لە مێشكدا بریتین لە: جەڵتە Stroke، نەخۆشيی پاركینسۆن، نەخۆشيی MS. زەبر و برینداربوون لە ناوچەی حەوز یان پەتكە دەماردا، هەروەها لەپاش چەند نەشتەرگەرییەك وەكو: نەشتەرگەری شكانی حەوز، نەشتەرگەری پرۆستات و شێرپەنجەی رێكە یان كۆڵۆن. گرفتە هۆرمۆنییەكان بەتایبەتی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی پرۆلاكتین Prolactin یان دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن Testosterone تەنیا هۆكاری 5%ی حاڵەتەكان پێكدێنن. زیانی لابەلای دەرمان وەكو: دەرمانی خەمۆكی، دژەهیستامینەكان كە بۆ چارەسەركردنی هەستەوەری بەكاردێن، دەرمانەكانی كۆنترۆڵكردنی پەستانی بەرزيی خوێن، دەرمانەكانی چارەسەركردنی نەخۆشيی پاركینسۆن. هۆكارە دەروونییەكان كە زیاتر لە گەنجەكاندا بەدی دەكرێن بریتین لە: خەمۆكی، پەستی، سترێس یان شەكەتی دەروونی، گرفت لە پەیوەندی هاوسەرێتیدا.