دیزانتری

دیزانتری
دیزانتری Dysentery بریتییە لە هەوكردن كە دەبێتە هۆی سكچوون. دیزانتری زیاتر لەبەر كەميی پاكوخاوێنی و نەشووشتنی دەست پاش بەكارهێنانی ئاودەستی گشتی لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی تر دەگوازرێتەوە. هەوكردنەكە لەوانەیە كە بۆ نزیكەی 4 هەفتە بمێنێتەوە و بگوازرێتەوە بە رێگای خۆراكی ئالودەبوو یان سستمی ناڕێكی ئاو. دیزانتری دوو جۆری هەیە، دیزانتری بەكتریایی Bacillary و دیزانتری ئەمیبی Amoebic. جۆری بەكتریایی زیاتر باوە كە بە هۆی بەكتریای شیگێللا Shigella روودەدات كە لەناو ریخۆڵەدا گەشە دەكات و هەوكردن پەیدا دەكات كە نیشانەكانی بریتین لە سكچوونێكی توند كە لەوانەیە خوێنیش لەگەڵ پیساییدا ببینرێت، لەوانەشە سك ئێشە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرميی لەش یان رشانەوە رووبدات، بەگشتی نیشانەكان بۆ ماوەی چەند رۆژێك تا هەفتەیەك بەردەوام دەبن. دیزانتری ئەمیبی لەوانەیە كە بۆ ماوەی چەند مانگێك بەبێ نیشانە بمێنێتەوە یان هەتا بۆ ماوەی چەند ساڵێك، نیشانەكانی لە نیشانەكانی دیزانتری بەكتریایی نزیكن، بەڵام لەوانەیە كە بڕێكی زیاتری خوێن لە پیساییدا بەدی بكرێت لەبەر ئەوەی كە هەوكردن لە ریخۆڵەی گەورەدا روودات. بەگشتی دیزانتری پاش ماوەیەك لەخۆیەوە چاكدەبێتەوە، بەڵام چارەسەری زوو بەتایبەتی لە دیزانتری ئەمیبی گرنگی زۆری هەیە، دەرمانی دژەبەكتریا و دژەئەمیبا بە رێنمایی دكتۆر ئەنجامی زۆر باشیان هەیە.
Top