كانزای زینك لە خۆراكدا

كانزای زینك لە خۆراكدا
زینك یان تۆتیا Zinc كانزایەكی زۆر گرنگە و پاش ئاسن لە ڕیزبەندی دووەم دێت لە رووی چڕییەكەی لە لەشدا، رۆڵی بەرچاوی بۆ تەندروستی هەیە، بۆ نموونە لە چالاكی نزیكەی 100 ئەنزیمدا بەشدارە، هەروەها هانی گەشەی كۆرپە و منداڵ و هەرزەكار دەدات، یارمەتی دروستی هەستی بۆن و چێژكردن دەدات، رۆڵی هەیە لە بەهێزكردنی بەرگری لەش و چاكبوونەوەی برین، هەروەها لە دروستبوونی DNA و پرۆتیندا. پێویستە كە رۆژانە زینك لە خۆراكەوە وەربگیرێت چونكە لەش توانای خەزنكردنی كانزای زینكی نییە. سەرچاوە خۆراكییەكانی زینك بریتین لە: مەحار Oysters كە بە دەوڵەمەندترین سەرچاوە دادەنرێت، گۆشتی سوور، پەڵەوڕ، پاقلەمەنییەكان، كاكڵەكانی وەكو گوێز و باوی و كازو، هەندێك جۆری خۆراكی دەریا، دانەوێڵەی تەواو، بەرهەمەكانی ئەلبان. پێویستی رۆژانەی زینك لە كەسێكی پێگەیشتوودا بریتییە لە 8- 15 ملگم. نیشانەكانی كەمی زینك لە خۆراكدا ئەمانەن: دواكەوتنی گەشە، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، كزبوونی سستمی بەرگری لەش، تەنكبوونی قژ، سكچوون، كەمبوونەوەی كێشی لەش، گرفت لە چێژكردنی خۆراكدا، دواكەوتنی چاكبوونەوەی برین.
Top