ئۆتیزم Autism حاڵەتێكی دەروونییە واتە تێكچوونی گەشە و پەرەسەندن لە رەفتار و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، لەوانەیە سووك یان سەخت بێت. لەگەڵ ئۆتییزمی سەختدا، كەمبوونەوەی تواناكانی پەیوەست بە زیرەكی بە زەقی بەدی دەكرێت كە وا لە منداڵ و هەرزەكاری تووشبوو دەكات كە نەتوانن تێكەڵی خەڵك بن و مامەڵەی ئاساییان لەگەڵدا بكەن، ئەمەش كاریگەریی دەكاتە سەر هەموو لایەنەكانی پەرەسەندنی دەروونی و كۆمەڵایەتی. گرنگترین نیشانەكانی ئۆتیزم بریتین لە: گرفت لە پەیوەندیكردن لەگەڵ كەسانی دیكەدا، دووبارەكردنەوەی چەند عادەتێك وەكو خۆهەژاندن بۆ پێش و پاش و جووڵەی دیكە، كەمیی ئارەزوو بۆ چالاكییەكان. نیشانەكانی ئۆتیزم لەوانەیە كە هەر لە منداڵییەوە سەرهەڵبدەن. ئەگەرچی هۆكاری تەواوی تووشبوون بە ئۆتیزم نەزانراوە، بەڵام گەلێك سەرچاوە ئاماژە بەوە دەكەن كە هۆكاری بایۆلۆژی و هۆكاری دەوروبەر رۆڵیان لە تووشبوواندا هەیە، بۆ نموونە هەوكردنە ڤایرۆسییەكان و گرفت لە سستمی بەرگری لەشدا، هەروەها مەیلی زگماكی بۆ تووشبوون بە ئۆتیزم رۆڵی هەیە. ئۆتیزم ئەگەر زوو چارەسەر بكرێت ئەنجامی باشی دەبێت و بریتییە لە مەشق پێكردن بۆ پەیوەندیكردن لەگەڵ خەڵكدا بۆ نموونە لایەنی زمان و لایەنی كۆمەڵایەتی، هەروەها چەند دەرمانێك بۆ كەمكردنەوەی نیشانەكان. گەلێك لە منداڵ یان هەرزەكارە تووشبووەكان بە ئۆتیزم لەپاش چارەسەركردندا پێشڤەچوونێكی باش بەخۆوە دەبینن لە لایەنی كۆمەڵایەتی و زمان و كارامەیی لە چالاكییە جۆراوجۆرەكاندا، هەندێكیشیان بەبێ هۆكاری روون كاردانەوەیەكی باشیان بۆ چارەسەركردن نابێت.