بەگشتی جوینی بنێشت Chewing gum سەلامەتە بۆ تەندروستی. بنێشت بە شەكرێكی كەم كالۆری شیرین دەكرێت، واتە ئەگەر بڕێكی زیادی بنێشت نەجویت نابێتە هۆی زیادی كالۆری، دانەیەك بنێشت نزیكەی 15 كالۆری وزە لەخۆدەگرێت، ئەو جۆرانەی بنێشت كە لە جیاتی شەكر ماددەی شیرینكاریان تێدایە وزەی كەمتر لەخۆدەگرن، بۆ نموونە زایلیتۆل Xyletol كە بە شێوەیەكی سروشتی لە گەلێك میوەدایە، بە قەد سێیەكی شەكر وزەی تێدایە. پاش جوینی بنێشت، چێژی شیرین تەنیا بۆ ماوەی 15-20 خولەك لەناو دەمدا دەمێنێتەوە، ئینجا هانی دەردانی لیك دەدات بەتایبەتی ئەو بنێشتانەی كە زایلیتۆل لەخۆدەگرن، ئەمەش ددان و پوك بە رێژەی 35% دەپارێزێت لە كۆبوونەوەی ترشی بەرهەمهاتوو بە بەكتریا كە هەوكردن یان كلۆربوونی ددان پەیدا دەكات. ئەگەرچی جوینی بنێشت بۆ ددان و پوك سوودبەخشە و لەوانەیە كە ئارەزووی خواردن كەم بكاتەوە، بەڵام گەلێك جار زیاد جوینی بنێشت دەبێتە هۆی گرفت لە جومگەی نێوان شەویلاكی خوارەوە و ئێسكی تەنیشتی كاسەی سەر TMJ بە شێوەی ئازار یان ناڕەحەتی بەتایبەتی لەكاتی جوینی خۆراكدا، ئەو كەسانەی كە گرفتیان هەیە لەم جومگەیەدا واباشترە كە دووركەونەوە لە بنێشت. هەروەها لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە پێكهاتەكانی هەندێك جۆری بنێشت نیشانەكانی گرژبوونی قۆڵۆن زیاتر دەكەن.